سەرۆکی هەرێم: چاودێری پرسی دادگاییکردنی دەستگیرکراوەکانی بادینان دەکەین

سەرۆکی هەرێم نێچیراڤان بارزانی لەسەر پرسی دەستگیرکراوەکانی بادینان و حوکمدانی پێنج دەستگیرکراو بە شەش ساڵ هاتە دەنگ و دەڵێت" مافی سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاساییی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافیان پارێزراوە".

 

دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 
ڕۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 2021/2/16 بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نیگه‌رانی دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافی سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاساییی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافیان پارێزراوە.
 
لای خۆمانەوە چاودێریی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆییی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.
 
گەلی كوردستان هه‌رگیز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادی بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بریتییه‌ له‌ سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دادگا، سەربەخۆییی دادگاش لە چۆنیەتیی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگا و دادوەرانی به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییی خۆیان لەپێناو سه‌روه‌ریی یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت.
 
داوا لە هه‌موو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازادییان لە ڕەخنەگرتن و له‌‌ دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكی وا نه‌كه‌ن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سه‌روه‌ریی یاسا، وا ده‌كات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆی، دڵنیا نه‌بێت. با ڕەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ ڕووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
 



PM:09:48:18/02/2021