پەرلەمانتارێک زانیاریی نوێ لەسەر ساتی دادگاییکردنی ڕاگیراوانی بادینان ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانزانیاری نوێ لەبارەی رۆژی دووەمی دادگاییکردنی راگیراوانی بادینان ئاشکرا دەکات و دەڵێت" ئاسایش دەستێوەردانی لە دەسەڵاتی دادوەریدا کردووە و دادوەرەکەش وتویەتی، ئەوە کوفرە". 

 

شایان عەسکەری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە" رۆژی دووەمی دادگایی کردن، دانە دانە دەسگیرکراوەکان دەھێنرانە ھۆڵی دادبینی و ئیفادەیان لێ وەردەگیرا، دوای ئەوەی لێپرسینەوە لە شێروان شێروانی تەواو بوو، سەرۆکی دادگا وتی، شڤان سەعید بانگ بکەن و بیھێنن بۆ ئێرە، لەو کاتەدا یەکێک لەوانەی نوێنەرایەتی ئاسایشیان دەکرد و لە ریزی ئێمە دانیشتبوو بە ئاسایشەکانی وت خێرا شێروان شێروانی ببەنە دەرەوە، بێ ئەوەی مۆڵەت لە سەرۆکی دادگا وەربگرێت".

باسی لەوەشکردووە، شڤان بەڕوشکیان ھێنا، دادوەر پرسیاری ئاراستە دەکرد و ئەویش وەڵامی دەدایەوە لە ناو قسەکانی ناوی شێروان شێروانی ھێنا کە سەیری دەورووبەری خۆی کرد شێروانی لێ نەبوو، بەسەرسوڕمانەوە ووتی ئەوە شێروان چی لێ ھات؟!. 

ئەو پەرلەمانتارە کە ئامادەی دادگاییەکە بوو ئاماژەی بەوەشکردووە" سەرۆکی دادگاش بەسەرسوڕمانەوە پرسی، شێروانی لێ نییە؟ کێ شێروانی بردە دەرەوە؟ پاشان رووی کردە نوێنەرەکانی ئاسایش و ووتی، ئەمە کوفرە، خۆ گەر بیبەنە شوێنێک بەتەنیا قەیناکە، بەڵام چۆن دەبێت تێکەڵی دەستگیرکراوەکانی تر بکرێتەوە! خەریکە ھەمووی کاری دادوەر دەکەن".

 

ئەوەشی روونکردووتەوە، ئەوەی ئەو کارەی کردبوو سەری خۆی ھەڵنەبڕی و وەڵامی سەرۆکی دادگای نەدایەوە. 



PM:07:23:20/02/2021