سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی بودجەی هەرێم دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 کرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەختكرایەوە، کە پڕۆژە بودجەیەکی شەفاف بێت و پشت بە داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و کورتهێنان و خەرجی ڕاستەقینە ببەستێت. 

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەبوو، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021  و داتای خەرجی و داهاتی خەملێنراوی وەزارەتەکان کرا.

 

جەخت لەوە کرایەوە کە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، پێویستە هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێن و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و کورتهێنان و خەرجی ڕاستەقینە ببەستێت بەئامانجی  برەودانی زیاتر، بە شەفافیەت لە دارایی گشتی هەرێمی کوردستان. 

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەکەدا دوا پەرەسەندنەکانی پڕۆژی یاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021  تاووتوێ کرا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، دەنگی لە سەر بدرێت.



PM:04:30:09/03/2021