ئاسایش تۆمەتبارانی کوشتنی ٢ کەسی بەردەم یانەکەی سلێمانیان دەستگیرکرد.. رێکخراوی ١٧ی شوبات راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارانەیان دەستگیرکردووە کە دوو کەسیان کووشت و دووی تریان بریندارکرد، لەبەردەم یانەیەکی شەوانەی شاری سلێمانیدا، رێکخراوی ١٧ ی شوباتیش کە تایبەتە بە کەسوکاری شەهیدانی ١٧ ی شوبات لە راگەیاندنراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یەکێک لە گیراوەکان بەشداربووە لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ دا.

 
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند" دوای لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوی تەقەکردن لە فرۆشگایەکی ماددەی خواردنەوە کحولیەکان کە تیایدا دوو کەس کوژران ژمارەیەک تۆمەنباریان دەستگیر کرد".

 
لەو راگەیاندنەی ئاسایشدا هاتووە " دوای ٢٤ کاتژمێر توانیان تۆمەتباران دەستنیشان بكەن و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری، تواندرا دەستگیربكرێن و دەست بەسەر ئەو كەرەستە و ئۆتۆمبێلانەشدا بگیرێت كە تاوانەكەیان پێ ئەنجامداوە".
  
ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانە کە تۆمەتبارن لەو رووداودا پێنج کەسن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە یەکێکیان رۆژی ٢٠ ی شوبات لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شوباتی ٢٠١١دا لەبەردەم نەخۆشخانەی ئەهلی چووارباخ تەقەی لە خۆپیشاندەران کردووەو لەو رووداوەدا دوو خۆپیشاندەر شەهیدبوون


لە رونکردنەوەیەک لە رێکخراوی ١٧ی شوبات بڵێ‌ویکردۆتەوەو کۆپیەکی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەتووە بەناونیشانی " کێن ئەوانەی لە یانەی شەوانە خەلک ئەکوژن؟" ئەو رێکخراوە دەڵێن" ئەمجارەش ئەو ئارامیەی کەلەهەرێمی کوردستاندا تەنیا بۆ بانگەشەی هەلبژاردن  بونی هەیە لەژێر پاژنەی پێی حوکمی حزبیدا دەپلیشێتەوە، روداوی کوشتنی دو کەس و بریندارکردنی سێ کەس لەیانەیەکی شەوانەی سلیمانی لەسایەی بزربونی سەروەری یاسادا یەکەمین روداونیەودواهەمین روداویش نابێت ، بەلام بەرونی وەلامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە کە کێن ئەوانەی بێ منەتانە تاوان ئەنجام دەدەن جگە لە پیاوانی حزبی دەسەلاتدار کە دەستی یاسایان ناگاتێ،بۆیە لەکاتو شوێنی جیاوازدا تاوانی تر ئەنجام دەدەن".


هەروەها ئەو رێکخراوە دەڵێن " یەکێک لە تۆمەتبارانی یانەی شەوانەکەی کەسێکە لە تەقەکەری خۆپشاندانەکەی ١٧ی شوباتە کە لە ٢٠ی شوبات گەنجانی خۆپشاندەر دەداتە بەرگولە کەلەو رۆژەو رۆژی دواتردا دوکەس بەناوی شەهید سورکێو و شەهید شێرزاد شەهید دەبن، کەهەتا ئیستا نەک نە دراون بەدادگا بەڵکو ئەوەتا یەکێ لەوانە دیسان دەمانجەی حزب دەردەهێنێ وخەلکی تر خەلتانی خوێن دەکات" .

 
رێکخراوەکە داوا دەکات کاربەدەستان بەڵێنی ئارامی بەرنەسەر و کەیسەکانی تریشیان بۆ زیندوبکرێتەوە کە تا ئێستا دەستگیرنەکرابوون.




AM:10:47:14/03/2021