برایەکەی ئەو کچە ئەندازیارەی لە هەولێر کوژرا روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

برایەكی ئەو كچە ئەندازیارەی لەناو وەزارەتی كارەبا لەلایەن فەرمانبەرێکی دائیرەکەیانەوە كوژرا، دەڵێت "دەمانەوێت بزانین چۆن دەمانچەكە براوەتە ناو وەزارەتی كارەباو بەڕۆژی رووناك خوشكەكەمان لەناو وەزارەتێكی هەرێم كوژراوە".

شێرزاد عەبدوڵڵا برای ئەندازیار شادیە عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا دوای ناشتنی " خووشکەکەم ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی مووچە لەگەڵ دەسگیرانەكەی پێكەوە چونەتە وەزارەتی كارەبا، بەڵام لەوێ لەناو وەزارەت لەلایەن فەرمانبەرێكی وەزارەتەوە بەدەمانچە تەقەی لێكراوەو كوژراوە."

ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەیانەوێت بزانن چۆن دەمانچەكە براوەتە ناو وەزارەتی كارەباو بەڕۆژی رووناك خۆشكەكەیان لەناو وەزارەتێكی هەرێمدا كوژراوەو، دەڵێت " دەبێت ئەوە رونبكرێتەوەو لێكۆڵینەوە بكرێت و بۆمان دەربكەوێت، بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین خوێنی بەفیڕۆ نەڕوات، داوای مافی خۆمان دەكەین بۆ بەسزا گەیاندنی بكوژەكەو لەسێدارەدانی".

براکەی شادیە ئاشکرای دکەات کە پێشتر ئەو كەسە كە فەرمانبەری وەزارەتی كارەبا بووە هاتوەتە خوازبێنی خوشكەكەیان، بەڵام دوای بابەتەكە كۆتایی پێهێنراوەو هیچ كێشەیەكمان لەگەڵیدا نەبووە.

موقەدەم هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كچەكە  ٣٣ ساڵەو ئەندازیار بوو لە وەزارەتی كارەباو رووداوەكەش بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتیەوە رویداوە، ئەو كەسەشی تەقەی لێكردوە فەرملنبەری وەزارەتەكەیەو دەستگیرکراوە.



PM:07:01:29/03/2021