نوسینگەی بەشیر حەداد لەسەر (لێبڕینی موچە) ڕوونکردنەوە دەدات

نووسینگەی  جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەینێت" هەندێ میدیا و سۆشیاڵ میدیا کاریان شێواندنی لێدوانەکان و بێنرخکردنی ھەوڵی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و کەمکردنەوەی کارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە". 

نوسینگەی راگەیاندنی بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەرونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەک میدیا و سۆشیاڵ میدیا، لێدوانێکی دکتۆر بەشیر حەداد، عێراقیان شێواندوە کە گوایە جەنابیان وتویەتی، عێراق لەم مانگەوە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەنێرێت، بەڵام لێبڕینی موچە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەردەوام دەبێت".

باسی لەوەشکردووە، ئێمە لێرەوە بەھەموو شێوەیەک ئەو ھەواڵە چەواشەکارییانە ڕەت دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھیچ لێدوانێکی لەو شێوەیەی نەداوە. 

نوسینگەی بەشیر حەداد ڕاشیگەیاندووە" پێمان وایە ئەوانە کە لەو میدیا و سۆشیاڵ میدیایانە کار دەکەن، ھیچ شتێک لە کاری رۆژنامەنووسی نازانن و تەنیا فەرمانبەرێکن و کاریان شێواندنی لێدوانەکان و بێ نرخ کردنی ھەوڵی نوێنەرانی کوردە لە بەغدا و کەمکردنەوەی کارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە".  


PM:03:06:03/04/2021