وەزیرى دارایى: رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد هەنگاوێکە بە ئاڕاستەى چارەسەرکردنى کێشەکانى دیکە

وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیەنێت" رێککەوتنى هەرێم و بەغدا چەند خزمەتێک بە سیاسەتى نەوتى هەرێم دەکات". 

ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەندامى شاندى هەرێم بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا 
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ میدیای بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" چیرۆکى بەرهەمهاتنى یاساى بودجە و رێککەوتنى نێوان هەرێم و ناوەند دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى مانگى حەوتى (2019)، واتا لەدواى دەستبەکاربونى ئێمە لە مانگى حەوت شاندێکى باڵا بە سەرۆکایەتى سەرۆک وەزیران و جێگر و وەزیرى دارایى بۆ بەغدا، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنى بەستەڵەکى نێوان هەولێر و بەغدا لەو سەردانەوە دەستى پێکرد". 

وەزیرى دارایى ئاشکرایدەکات، یاساى بودجە بەتایبەت ماددەى (11) کە پەیوەستە بە بەشى هەرێم، لە روکاردا یاسایەکى دراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکى سیاسى یاسایى نەوتى دارایى یە، ئەم رێککەوتنە لە شوێنێکدایە هەردولا لە ناوەراستدا پێى قانع بون، ئەوەش دواى دابڕانێکى چەند ساڵى لەنێوان هەرێم و ناوەندا، بۆیە کۆى داخوازییەکانى هەرێمى هەڵنەگرتووە و کۆى داخوازییەکانى ئەوانیشى هەڵنەگرتووە. 

باس لەوەشدەکات، لەروى سیاسییەوە ئەو رێککەوتنە پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا ئاسایى دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەى لە ناوەڕاست و باشور دەربارەى هەرێم هەبوو کە کورد سەرچاوەى کێشەکانى ئەوانە ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکى دیکە پەیوەندییەکانى (کورد و سوننە) و (کورد و شیعە) ئاسایى دەبێتەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنى یاساى نەوت و گاز و یاساى بودجەى ساڵى داهاتوو.

ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى جەخت لەوە دەکاتەوە، لەروى سیاسیەتى نەوتییەوە ئەو یاسایە چەند خزمەتێک بە هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسى چاوخشاندنەوە بە گرێبەستى نەوتى و گرێبەستى کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەى نەوت و بە تێچونى نەوت و تەنانەت کۆمپانیاکانى سکیورتیش لەژێر پێداچونەوەدان، ئەوەش هەمووى لە بەرژەوەندى شەفافییەتە لە نەوتى هەرێم، وایان لێدەکات خێراتر و جدیتربن ئەوەش لە چورچێوەى ئەو چاکسازییەى حکومەتى هەرێم دەستى پێکردووە.

لەبارەى جێبەجێکردنى یاساکەشەوە ئاماژەی بەوەکرد" جێبەجێکردنەکەى پەیوەندى بە هەردولاوە هەیە، بەڵام بەلاى هەرێمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى رێککەوتنەوە".


PM:09:31:03/04/2021