سبەینێ شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم دەچێتە پەرلەمان

بڕيارە سبەینێ شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەردانی پەرلەمانی كوردستان بکات و باسی رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە تاوتوێ بکات. 

ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند" سبەینێ دووشەممە ١٢ی نیسان، شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەکات و ڕوونكردنەوە لەبارەی رێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا سەبارەت بە پِڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، بدەن". 

ڕاشیگەیاند" شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان باسی وردەكاریی رێككەوتنەكە دەكات، كە بە چ میكانیزمێك رێككەوتوون، بۆیە دەیانەوێت پەرلەمان ئاگاداری وردەكاریی رێككەوتنەكە بێت". 

لەبارەی یاسای بودجەی ھەرێمی كوردستانیش، ئەرشەد حوسێن باسی لەوەکرد، كە شاندی دانوستانكاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانیان كرد، ئەوكات دیار دەبێت كە باسی بودجەی ھەرێمیش دەكەین یاخود نا، چاوەڕێش دەكەین بێنە پەرلەمان، ئەوكات بۆمان ڕوون دەبێتەوە. 


PM:11:36:11/04/2021