" هەفتەی داهاتوو پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق رەوانە دەکرێت "


بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق، فازل نەبی رایدەگەیەنێت " ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت، چونكە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە و دەركردنی رێنمایی بۆ بودجە، تەواو دەبێت".
دكتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە" وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە مووچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت كردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر مووچە نەكراوە".

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق وتیشی: "ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاریی زۆری دەق و ماددەكانی نێو بودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت".
نەبی ئەوەشی ئاشکرا کرد " گەڵ خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن".

پێشیریش ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاندبوو ئەگەر بەغدا پارەکە بنێرێت، ئەگەر زۆرە کە مووچە بێ پاشەکەوت دابەشبکرێت.

فازل نەبی دەشڵێت" گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.
 
دەربارەی دانانی باج لەسەر مووچەی مووچەخۆران شەوی رابردوو نووسینگەی کازمی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا ئەو زانیاریانەی رەتکردەوەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە باج لەسەر مووچە دانانرێت.



PM:01:20:17/04/2021