فراکسیۆنی نەوەی نوێ: پێویستە حکومەتی هەرێم لەم مانگەوە کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنێت

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" ھیچ پاساوێك نەماوە بۆ لێبڕینی مووچە و پێویستە حکومەتی ھەرێم دەستبەجێ لەم مانگەوە کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بھێنێت". 

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، چیتر ھیچ پاساوێك نەماوە بۆ لێبڕینی مووچە و پێویستە حکومەتی ھەرێم دەستبەجێ لەم مانگەوە کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بھێنێت و ٣٠ رۆژ جارێك لەکاتی خۆیدا مووچە بە تەواوی دابەش بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پاش ئەوەی یاسای بودجەی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و پشکی ھەرێمی کوردستان مانگانە بە ٩٥٦ ملیار دینار جێگیرکرا، وە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە تەنھا پێویستی بە ٨٩٥ ملیار دینار ھەیە بۆ دابەشکردنی مووچە بەتەواوی و بەبێ لێبرین، بۆیە پێویستە حکومەت دەستبەجێ لە مانگی ( نیسانی ٢٠٢١ )ەوە کۆتایی بە لێبرینی مووچە بھێنێت.

ئاماژە بەوەشکراوە" ئەمە سەرباری ئەوەی کە حکومەتی ھەرێم پارەی نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکان و داھاتی ناوخۆ و ھاوکاری ھاوپەیمانان و پارەی فرۆشتنی زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بۆ دەمێنێتەوە، ھاوکات ئەو بودجەیەی کە لە بەغداوە دێت لەپاش دابەشکردنی مووچە بە تەواوی، ٦١ ملیار دیناری دەمێنێتەوە کە پێکەوە لەگەل ئەو داھاتەی لە سەرەوە باسکرا دەتوانرێت بۆ پرۆژەی گرنگ و ئاوەدانکردنەوە و رەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان تەرخان بکرێت". 

دەشڵێن" بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایدەگەیەنین کە ھەموو پێوەر و ژمارە و ئاماژەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن کە حکومەتی ھەرێم پارە و داھاتێکی زۆری لەبەردەستە و دەتوانێت مووچە بەبێ لێبڕین دابەشبکات و پرۆژە گرنگەکان دەستپێبکاتەوە و ھەلی کار بۆ گەنجان برەخسێنێت، پێویستە دەستبەجێ حکومەت بەم ئەرکانەی خۆی ھەستێت پێش ئەوەی ئارامگری فەرمانبەران و پێشمەرگە و گەنجانی بێکار کۆتایی بێت و جارێکیتر تورەیی شەقام بەڕووی دەسەڵاتدا بتەقێتەوە".


PM:08:36:19/04/2021