ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێک کوژرا

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس لەکاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ یەکشەممە هێزە ئەمنییەکانی سووپای پاسداران لە سنووری سەڵماس تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک کوژراوە.

ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە (زابت ئاڵخانی) تەمەن ٤٦ ساڵ ڕاگەیەندراوە کە لە نزیکی گوندی "ئاخ بەرزە" و لە پاسگای ئەو گوندەوە تەقەی لێ کراوە.

زابت ئاڵخانی خێزاندارە و باوکی سێ منداڵ بووە تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری شاری ئورمیە ڕاگیراوە.


AM:09:15:17/05/2021