لەرووداوی خۆسووتاندنەکەی بەردەم UN
حکومەت رەخنە لە میدیاکاران دەگرێت


حکومەتی هەرێم لە بارەی خۆسووتاندنی پەنابەرێکی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر رەخنە لە میدیاکاران دەگرێت.

لە پەیامی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوی خۆسوتاندنی ھاووڵاتیەک لەبەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەولێر هاتووە " بەداخەوە ئەمڕۆ پەنابەرێکی خەڵکی شاری بۆکان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەولێر ئاگری لە جەستەی بەردا".

فەرمانگەی میدیا دەڵێن "لە کاتێکدا دڵگرانی خۆمان لەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەردەبڕین، بە توندی ئیدانەی کردەوەی ئەو کەناڵانە دەکەین کە بەبێ گوێدانە ڕەوشتی کاری ڕۆژنامەگەری و یاسا کارپێکراوەکانی و ڕێنمایەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی دڵ ڕەقانە ڕووماڵی ئەم ڕووداوەیان کرد بەبێ هەست کردن بە بەرپرسیارەتی کاری ڕۆژنامەوانی".

لە کۆتاییدا حکومەت داوا دەکات، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ڕێگری بکات لەو کردەوانە و داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی هەڵسێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە کارە نامرۆڤانانەیە.



PM:10:15:18/05/2021