پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت" درانگانی شەوی ڕابردوو دوو کەس لە قەڵادزێ گەیەنرانە نەخۆشخانە کە بەفیشەک بریندار بوون و هاوڕێی یەکترن".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو دوو بریندار بەناوەکانی (س . ح . پ ) و ( م. ع . ح ) کە هەردوکیان دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی ڕاپەڕینن گەیەندرانە نەخۆشخانە کە شوێنەواری فیشەک بەسەر جەستەیانەوە هەیە و باری تەندروستی یەکێک لە بریندارەکانیش ناجێگیره.
ئاماژەی بەوەشکردووە" بە وتەی ( م . ع ) لەسەر پردی ڕاپەڕین لەگەڵ هاوڕێکەی بەیەکەوە بوون، کاتێک دەستکاری دەمانچەکەی کردووە فیشەکێک لەدەستی دەرچووە و بەر دەستی چەپی خۆی کەوتووە و دواتر بەر سنگی هاوڕێکەی کەوتووە کە نەیزانیووە دەمانچەکە فیشەکی لەبەرە".
پۆلیسی ڕاپەڕین باسی لەوەشکردووە، دەست گیراوە بەسەر چەکی بەکارهاتوو، بەبڕیار دادوەر و بە ماددەی ٤١٦ ( م . ع ) ڕاگیرکراوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.