ئۆردوغان هەڕەشەی بەرفراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم دەکات

سەرۆکی تورکیا ئۆردوغان هەڕەشەی " پاککردنەوەی" خێمەی پەنابەرانی کوردانی باکور دەکات لە مەخمور و وەسفی دەکات کە بۆتە " پەناگەیەک بۆ چەکدارانی پەکەکە"و جەخت لەسەر بەرفراوانکردنی لەشکرکێشیەکەی بۆ قوڵایی ناو خاکی عێراق دەکاتەوە.
 
ئۆردوغان دوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا  لێدوانێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند " ئەو کەمپە کە ١٨٠ کم دوورە لە سنوری تورکیاوە دوو دەیەیە بۆتە شوێنی پەنابەرانی تورکیا و بۆتە " پشتێنەیەک " بۆ توندڕەوەکان و دەبێت " چارەسەری بکەین".

سەرۆکی تورکیا وتیشی " گەر نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کەمپە پاک نەکاتەوە، وەک ئێمە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵدەسین بەو کارە". هەروەها دەشڵێت ئەنقەرە هاوشێوەی قەندیل دەڕوانێتە ئەو کامپە و هەڕەشەیە لەسەر وڵاتەکەی.

ئۆردوغان دەپرسێت " چەند دانبەخۆمان بگرین لەبارەی ئەو کەمپەوە؟".

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە "بەرپرسێکی عێراقی پێیراگەیاندوون کە هەفتەی رابردوو تورکیا سکاڵای گەیاندۆتە بەغدا لەسەر کەمپی مەخمور کە بۆتە شوێنی چالاکی پەکەکە دژی تورکیا".



PM:05:07:02/06/2021