" ئەگەر بەغداش پارە بنێرێت ناتوانین بڵێین لێبڕینی مووچە کۆتایی پێ دێت "

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت" ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت". 

رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان لە چاوپێکەوتنێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ بە کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند" ئەگەر بەغدا پارەش بنێرێت ناتوانین بڵێین ١٠٠٪ لێبڕینی موچە کۆتایی پێ دێت".

دەشڵێت" بەپێی داهاتی بەردەستی خۆمان و پارەکەی بەغدا بڕیار لەسەر موچە دەدەین بێ لێبڕین". 

باسی لەوەشکرد، ئەو شەڕەی حزبە بەشدارەکانی حکومەت لە پەرلەمان دەیکەن لە ئەنجومەنی وەزیراندا نییە، هەموو بڕیارەکان بە لێبڕینی موچەشەوە پارتی و یەکێتی و گۆڕان بە هاوبەشی دەیدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەوتمان فرۆشتووە بەڵام تەواوی داهاتەکەی بۆ موچە نییە و دەبێت قەرزی لێ بدەینەوە، چونکە مانگانە مانگانە ٢٥٣ ملیۆن دۆلار قەرز دەدەینەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم مانگە ١٠٠٪ی داهاتی ناوخۆی سلێمانی نەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی. 

جەختیشیکرەوە، پارەی فرۆشتنی نەوت و خاڵە سنورییەکان ئەوەندە نییە موچە بدەین بێ لێبڕین.

یاریدەدەرەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە" قسەی ناحەزانە کە دەوترێت کابینەکەی مەسرور بارزانی شکستیهێناوە، بەڵکو زۆریش سەرکەوتووە". 

لەبارەی دامەزراندنیشەوە، رێباز حەملان وتی" جارێکی تر دامەزراندنی بە لێشاو دەست پێ ناکاتەوە و دەستیش پێبکاتەوە یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێن". 


PM:08:33:12/06/2021