میکانیزمی نەهێشتنی لێبڕینی مووچە ئاشکرا کرا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" ​تاکە رێگە بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبکات، پێداچوونەوەیە بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئاشکراکردنی داهاتی مانگانەی دەروازە سنوورییەکان و گەڕانەوەیانە بۆ خەزێنەی حکومەت". 

ئەرشەد لۆلانی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتیشە بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندوە" یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لە ماوەی رابردوودا نەگەڕانەوەی بەشێکی داهاتی دەروازە سنورییەکان بووە و هەندێک کەس دژی هەنگاوەکانی چاکسازین بە تایبەت رێکخستنەوە و گەڕانەوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان."

ناوبرا ئاماژەی بەوەش كردووە" لە بەرژەوەندی هەندێک کەس و لایەندایە بارودۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە کاری قاچاغچێتی و بەڵگە هەیە کە تا ئێستاش سەد لە سەدی داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت".    

وتویەتیشی" ئەوان سەردانی دەروازە سنورییەکانی هەرێمیان کردووە و تەواوی گرفتی دەروازە سنورییەکانیان پێشکەشی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کردووە و هەماهەنگی بۆ رێکخستنەوەی داهاتەکان هەیە".

ئەوەشی خستۆتەروو، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم خاوەنی ئەو توانایە نییە مانگانە موچە بەبێ لێبڕین دابەشبکات و تاکە رێگەش بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەشبکات، پێداچوونەوەیە بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و ئاشکراکردنی داهاتی مانگانەی دەروازە سنورییەکان و گەڕانەوەیانە بۆ خەزێنەی حکومەت. 


PM:12:34:17/06/2021