ئاسایشی سلێمانی زانیاری ورد لەسەر کوشتن و سووتاندنی تەرمی ژنێک ئاشکرا دەکات

ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت" ئاسایشی سلێمانی سێ كەسی بە تۆمەتی كوشتن و سوتاندنی ئەو ژنە دەستگیركردووە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر تەرمەكەی لە گەڕەكی عەزیزاوا دۆزرابووەوە". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان دوای ئەوەی لەڕۆژی 10-6-2021 ئاگادارکرانەوە بەبونی تەرمێکی سوتێنراو لەنزیک گوندی عەزیزاوا، پاش ئەوەی هێزەکانمان چونە شوێنی ڕوداوەکە، بەفەرمانی دادوەر دەستبەجێ دەستکرا بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچون، توانرا چەند سەرەداوێک بدۆزرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئەنجامی لێکۆڵینەوە لاشە سوتێنراوەکە ناسرایەوە کە ژنێکە بەناوی (ب ، ع،  ح ) لەدایکبوی ساڵی  1990، تۆمەتباران سەرجەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوه دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکردوە، تۆمەتباران بەناوەکانی (پ، ع، ح) لەدایکبوی ساڵی 1985 سلێمانی، (م، ع، ح) لەدایکبوی ساڵی 1988، (ب، ج، ج) لەدیکبوی ساڵی 1996، تۆمەتباران دانیاننا بەوەدا کە لەڕۆژی 10-6-2021 تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە لەسەر کێشەیەکی کومەڵایەتی هەستاوە بەبردنی تاوانلێکراو بە ئۆتومبێل و بردنی بۆ دەرەوەی شار، لەکاتی سەرخستنی لە ناو ئۆتومبێلەکەدا ژنەکە بەرەنگاری بوەتەوە و لەلایەن تاوانبارەکەوە بەسێ گوللە کوژراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتباری سەرەکی دواتر بردویەتی لە چۆڵەوانییەکی نزیک گوندی عەزیزاوا سوتاندویەتی، لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا دو تۆمەتبارەکەی تر بەتۆمەتی پێدانی چەک و هاوکاریکردن لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا، بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامه. 


PM:04:21:17/06/2021