کاندیدێکی حیزبە پێشووەکەی بەرهەم ساڵح لە هەولێر دادگایی دەکرێت

‌د. عامر خالید لە نێوان بەرهەم ساڵح و هاوسەرەکەیدا- ئەرشیف

تیمی کوردستانی عێراقی CPT بڵاویكردەوە، ھاودیدێکی پێشووی بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری یٔێستای عێراق، بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری سیخوڕی و پلانڕێژی بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، ڕووبەڕوی دادگا دەکرێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێكدا، تیمی کوردستانی عێراقی CPT بڵاویكردەوە، " دکتۆر عامر خالید عەگید، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی سیاسی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە پارێزگای دھۆک، کە پێشووتر لەلایەن سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق بەرھەم ساڵحەوە سەرۆکایەتی دەکرا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی دادگا لە ڕۆژی ٩ی ئەیلول لەلایەن ھێزێکی ئەمنییەوە لە پارێزگای دھۆک دەستگیرکرا".
لە ڕاگەیەندراوەكەی سی پی تی-دا هاتووە " لەوکاتەوە کە دەستگیرکراوە، تەنیا یەکجار ناوبراو توانیویەتی خانەوادەکەی ببینێت، ھەروەھا زۆر بەکەمی ڕێگەی پێدەدرێت، کە پەیوەندیی تەلەفونی لەگەڵ خانەوادەکەیدا ئەنجامبدات".

برایەکی دکتۆر عامر بە CPT وتووە" براکەی ئێمە مامۆستای زانکۆیە و کاندیدی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ بووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو بێتاوانە و نازانین لەسەرچی دەستگیرکراوە، ھیچ تاوانێکی نەکردووە و تەنیا ئەندام بووە لە پارتێکی سیاسی فەرمیدا".

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، لەلایەن پارێزەرانی بەرگریکاری دۆسیەی زیندانیانی بادینانەوە ئاگادارکراوەتەوە، کە دکتۆر عامر و چوار زیندانی تری بادینان، لە ڕۆژی پێنجی تەمموزدا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ھەولێرەوە دادگایی دەکرێن و تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕیی و پلانگێڕیی بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە.



PM:11:49:03/07/2021