بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئەندامانی دادگای دووی هەولێر مۆڵەت بووە و ئەندامی یەدەگی دادگاش، ئاگاداری ئەو کەیسە نەبووە داوای لە سەرۆکی دادگا کرد دادگاییکردنە دوابخرێت و مۆڵەتی پێبدرێت تا ئاگاداری پەڕاوەکە بێت و، دادوەریش بڕیاری دواخستنی دادگاییکردنەکەی دا.
ئەمڕۆ لە دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر وا بڕیار بوو دانیشتنی دادگایی هەر پێنج چالاکوان ( د. عومەر خالید - مامۆستای زانکۆ، فرسەت ئەحمەد - ئەندازیار، جمال خەلیل - مامۆستا، سلێمان کەمال - خانەنشین، سلێمان موسا - بەڕێوبەری قوتابخانە) ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی مۆڵەتی دادوەرێک و جێگرتنەوەی دادوەرێکی تر کە دۆسیەکەی نەبینیووە، دادگاییەکە دواخرا.
هەرچەندە پارێزەرانی چالاکوانەکان داوایان کرد کە لە رۆژی ١٢ ی تەموز دانیشتنی داهاتوو سازکرێت، بەڵام دادوەر هیچ بریارێکی لەسەر دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنەکە نەدا.
ئەم چالاکوانانە بە مادەی یەک لە یاسای سیخوڕی کردن، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و بردنە دەرەوەی زانیاری لە هەرێم و شیواندنی ئاسایشی هەرێم تۆمەتبارکراون.
کچی یەکێک لە چالاکوانەکان بۆ کەناڵی ئێن ئاڕ تی قسەیکرد و وتی "باوکی من سیخوڕ نییە" ، منداڵێکی گیراوێکی تریش وتی "باوکم لە زیندان ھێندە لاوازبووە نەمتوانی بیناسمەوە".
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە ٥٠ چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکراون، تا ئێستاش ژمارەیەکیان دادگایی کراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە.