بەرهەم ساڵح و عەبادی ساختەکاری هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە


د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی ئەمڕو یەکشەممە ١١ ی تەموز پێشوازیکرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان هەردوولا پێشێلکاریان لەو پرۆسەیەدا رەتکردەوەو داوای ئارامی و سەقامگیریان کرد.

لەو دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە پێویستی پاراستنی سەقامگیری و سەلامەتی وڵات و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و رەتکردنەوەی پێشێلکارییەکان کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی پشێووی، هەروەها بەگرنگییەوە باس لە بەردەوامیدان بە هەوڵە ئەمنییەکان کرا بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و رێگرتن لە کاری تێکدەرانە لە دژی هێڵەکانی دابینکردنی وزەی کارەبا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لەتشرینی یەکەمی 2021 دا ئەنجام بدرێت، و دووپاتکرایەوە لەپێویستی یەکخستنی گشت ھەوڵەکان بەئاڕاستەی سەرخستنی ھەڵبژاردنەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری لەقۆناغە جیاجیاکاندا، بەجۆرێک خواستی ئازادانەی گەلی عێراق بھێنێتەدی لە دیاریکردنی نوێنەرەکانیان دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ و فشار و دەستەبەرکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک، تاوەکو دەرئەنجامەکانی رەنگدانەوەی خواستی راستەقینەی خەڵک بێت.


PM:09:38:11/07/2021