لاهور شێخ جەنگی و حەیدەر عەبادی کۆبوونەوە

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، لە شاری سلێمانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبۆوە، بە پێچەوانەی بەیانییەوە میدیا فەرمییەکانی یەکێتی ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی جەختیکردۆتەوە لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵی سەرجەم لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان و گرتنەبەری دیالۆگی جدی بە ئامانجی گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتیمانی لەسەر کۆی مەسەلە هەستیار و چارەنووسسازەکان کە وڵات لە هەموو کێشە و دووبەرەکی و پەرت بوونێک دەپارێزێت و ئارامی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ ھاووڵاتیانی عێراق و کوردستان دەهێنێتەدی. 

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕزگار عەلی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گفتوگۆ کراوە.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە" لە دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر مامەڵەکردنێکی حەکیمانە لەسەر ئەو پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی بووەتەوە، لەو ڕووەوە لاهور شێخ جەنگی سوپاسی پشتیوانی و هەڵوێستە واقیعییەکانی حەیدەر عەبادی کرد و دڵنیایی دایە کە پاراستنی یەکێتیی لای ئێمە لە ڕیزی پێشەوەیە".

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کراوە، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاندووە" وەک هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵوێستی حزبەکەم دووپات دەکەمەوە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکان و پەنابردنە بەر دەستوور و پابەندبوونی هەردوولا بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیان و لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران".

لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە گرنگ زانرا بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و ئەنجامدانی چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە وڵاتدا. 


PM:06:24:12/07/2021