رێباز حەملان باسی لابردنی لێبڕینی مووچە دەکات


یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رێباز حەملان " دوای جەژن کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و وەزارەتی دارایی سەرجەم داهاتەکان دەخاتەڕوو، ئەگەر داهات گەیشتە ٨۹۷ ملیار دینار لێبڕینی موچە نامێنێت و ئەگەر نەشکرا لێبڕین کەمدەکرێتەوە.( لە هەردوو حاڵەتەکەدا لێبڕینی مووچە بەم شێوەیە نامێنێتەوە ). 

لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تی دا، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رێباز حەملان رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە، کە هەر داهاتێک لە بەردەستدا بێت سەرەتا دەبێت بۆ موچە خەرجبکرێت."


باسی لەوەشکردووە، "پارەکەی بەغدا بودجە نییە، بەڵکو وەک سلفەیەک بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە"، دەشڵێت، "بەغدا ۱٨۰ ملیاری داوە بە حکومەتی هەرێم نەک ۲۰۰ ملیار دینار و ئەو ۲۰ ملیارەیان گلداوەتەوە و داویانەتەوە بە قەرزی بانکی تی بی ئای."

رێباز حەملان راشیگەیاند، "چەندین موچە نایاساییمان بەهۆی یاسای چاکسازییەوە بڕیوە، بەڵام ئێستاش لە ئاستی ویستی خۆماندا نییە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سەرەڕای قەیرانەکان کابینەی نۆ توانیویەتی بەردەوامبێت لەسەر دابەشکردنی موچە و توانیومانە بەشێکی زۆری بەڵێنەکانمان جێبەجێکردووە."



PM:08:13:18/07/2021