پژاك شەهیدبونی دوو گەریلای خۆی لە بۆكان راگەیاند

پژاک، شەهیدبونی دوو گەریلای ڕاگەیاند، کە لە ڕۆژی ٢٧ی ٧ی ٢٠٢١ لە هەرێمی بۆکانى سەر بە پارێزگای ورمێ، لە بۆسەیەکی هێزەکانی دەوڵەتی ئێراندا، شەهیدبوون.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی ٢٧ی ٧ی ٢٠٢١ لە هەرێمی بۆکانى سەر بە پارێزگای ورمێ، هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەیان بۆ دوو هەڤاڵمان دانا کە لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕێکخستندابوون و چەکدار و بە کرێگیراوەکانی ڕژێم بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر هەڤاڵانمان، ئەو دوو ئەوانیش قارەمانانە لە بەرامبەر چەکدارەکانی رژێم بەرخودان دەکەن و لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکی نابەرانبەردا و دوای ڕووبەڕووبونەوەیەکى قارەمانانە هەڤاڵ ئاریۆ و شاهین، شەهید دەبن. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پژاک، ئاماژەی بە ناسنامەی شەهیدەکان کردووە، ئەوانیش، ئیدریس فیقهی ناسراو بە ئاریۆ زاڵ و موحسین قادری ناسراو بە شاهین ئاگری بۆ بەدیهێنانی ئیرادە و ناسنامەی ئازادیی گەلان لە بەرانبەر سیاسەتی سەرکوت و نکۆڵیکەرى ڕژێمی داگیرکەری ئێران لەسەر ئیرادە و هەبوونی کۆمەڵگا، تا دوا چرکەی ژیانیان بە جۆش و بەڵێنی شۆڕشگێڕانەوە تێکۆشاون.

هەروەها هاتووە" هەڤاڵ شاهین ئاگری ساڵی ١٩٨٣ لە خێزانێکى وڵاتپارێز و ڕەنجدەر لە هەرێمی بۆکان لە دایکبووە و دوای سەرهەڵدانەکانی ساڵی ١٩٩٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەسەر رێبەر ئاپۆ، لەگەڵ هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ ئاشنا دەبێت و ناوبراو لەو قۆناغەدا، کە بۆشایی سیاسی باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشابوو، لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ئاپۆیی لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە خەباتی مەدەنیانەى دەست پێدەکات". 

باس لەوەشکراوە، هەڤاڵ ئاریۆ زاڵ لە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خێزانێکى وڵاتپارێز لە دایکبووە، وەک هەموو گەنجێکی خاوەن هەستی نیشتمانپەروەری، دوای سەرهەڵدانەکانی ١٩٩٩ی ڕۆژهەڵاتی  کوردستان بۆ خاوەنداریی لە ڕێبەر ئاپۆ، لەگەڵ تەڤگەری ئازادیخوازی کورد ئاشنا دەبێت، لە ساڵی ٢٠١٧ بەشداری ڕیزەکانى گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەبێت و دوای پەروەردەی لە بواری گەریلای سەردەمی نوێ و پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک لە هەرێمەکانی مەهاباد، سەردەشت و بۆکان دەست بە کاری ڕێکخستنی و پەروەردەکردنی گەنجان و ژنان بۆ پاراستنی جەوهەری دەکات و لەم پێناوەشدا رەنجێکی بێوچان دەدات.

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا پژاک داوا لە ژنان و گەنجانى کورد دەکات، بۆ خاوەندارێتیی لە ڕێبازی شەهید ئاریۆ و شاهین، روو لە چیا سەربەرزەکانی کوردستان بکەن و بە هەڵگرتنی چەکی شەهیدان، خاوەندارێتی لە هێڵی تێکۆشانیان بکەن و بۆ بە دیهێنانی خەون و خەیاڵی شەهیدان گوڕ بە تێکۆشان بدەن.


PM:06:09:04/08/2021