رۆژی دادگاییکردنی (بەدەل بەرواری) پێشخرا

ئەمڕۆ دادگای دووی تاوانەكانی شاری هەولێر کاتی دادگاییكردنی بەدەل بەرواری چالاکوان و مامۆستای شاری دهۆکی پێش خست. 

بەشدار چاوشین پارێزەری کەیسی دەستگیرکراوانی ناوچەی بادینان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" بەبڕیاری سەرۆکی دادگای تاوانی دووی هەولێر، رۆژی دادگاییکردنی بەدەل بەرواری لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵەوە بۆ ١٥ی ئەیلول پێشخرا". 

رۆژی ٢٧ی تەمموز، دانیشتنی دادگایی کردنی بەدەل بەرواری و چالاکوانێکی دیکەی بادینان لە دادگای ھەولێر دواخرا، پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینانیش وتی" ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی نیە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی تاوانبار بکات".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەستگیركراوانە هیچ تۆمەتێكیان بەسەردا ساغنەبووەتەوە و تەنانەت شایەتحاڵەكان لە بەرژەوەندیی دەستگیركراوان شایەتییان داوە، نەك لە دژیان.


PM:01:29:11/08/2021