"پەیام و دروشمی سەرەکی هاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا"

ئەمڕۆ هاوپەیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پەیام و دروشمی سەرەکی هاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا.

نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هاوپەیمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئامادەکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و چۆنێتی دەستپێکردنی هەڵمەتى بانگەشە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەتای کۆبوونەوەکە، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشووی لیژنەی باڵای هاوپەیمانی کوردستان کرا و بڕیاردرا دەزگا و ئۆرگانەکانی یەکێتی و گۆڕان ئاشنا بکرێن بە راسپاردە و بڕیارەکانی ئەم لیژنەیە بۆ ئەوەی لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا ئامادەکاری تەواو بکرێت، پاش گفتوگۆکردن، کۆبوونەوە پەیام و دروشمی سەرەکی هاوپەیمانی کوردستان-ی پەسەندکرد و رۆژی سازدانی مەراسیمی ناساندنی کاندیدەکانی دیاری کرد.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە، کە دەبێت بەرنامە و پلانی هاوپەیمانی کوردستان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان روون بکرێتەوە کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی مافەکانیانە و ئەم هاوپەیمانێتیە دەتوانێت ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ لە بەغدا و بەیەک دەنگ داوای ئەو مافانە بکات تا لەسایەیدا ژیان و گوزەرانی خە‌ڵك باشتر بكرێت.


PM:02:08:28/08/2021