ئەمریکا بۆ کورد: پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداربن بۆ بنیاتنانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق

‌جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی کورد
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە وەفدی کوردی لە ئەمەریکا وت" پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداربن بۆ بنیاتنانەوە و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و داواکاربوو کە  گشت لایەنەکان لە چوارچێوەی پەرلەمان بتوانن هەرسێ سەرۆکایەتیەکە لە عیراق پێکبهێنن بۆ ئەوەی لەم قۆناغە مەترسیدارە دەربازی ببێت". 
لەو دیدارەی وەفدی کوردی کە پێكهاتوون لە فواد حسین و فەلاح مستەفا لەگەڵ جۆرج بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ناوبراو بە وەفدی کوردی وت" ئیدارەی ئەمریکا ئاگاداری مێژووی خەباتی میللەتی کوردەو لە خواست و ئارەزوەکانیان تێدەگەن، هاوکات رۆلی کورد بە گرنگ وەسفکرد کە تا ئێستا بەشێکن لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش بە تایبەت".
لەو دیدارەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بە ووردی باسی لە  دوایین گۆرانکاریەکانی گۆڕەپانی سیاسی عیراق کردو بە وەزیری دەرەوەی راگەیاند "ئەو گۆرانکاریانەی دوای 9ی یۆنیۆ/حوزەیرانی رابوردوو دروست بوون واقیعێکی تازەیان هێنایە پێشەوە و پێویستە بە سیاسەت و تێڕوانینێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکرێت".
‌هەروەها پێی راگەیاند کە رەوشەکە هەرێمی کوردستانی خستۆتە پێش دوو ئاراستە. یەکەمیان ئەوەیە کە کورد بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆلی سەرەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە و ئالۆزییەکان. دووەمیش ئەوەیە کە کوردستان بەردەوام بێت لە پاراستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەرەو پێشبردنی بوارەکانی ئابووری و ئاسایش و بنیاتنانی دامەزراوەیی و خۆ ئامادەکردن بۆ مافی چارەی خۆنوسین.
هەر لەو دیدارەدا بیرورا ئال و گۆر کرا دەربارەی چۆنیەتی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و خۆ ئامادەکردن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئالۆزیەکان لە بەغدا و دیاری کردنی پۆستە سەرۆکایەتیەکان. سەبارەت بە جموجۆلی تیرۆرستان وفراوانکردنی ئەو ناوچانەی دەستیان بەسەردا گرتووە، شاندی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە دژی تیرۆر دەوەستن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.
جۆن کێری شاندی هەرێمی کوردستانی دڵنیاکردەوە کە ئەمەریکا ئامادەیە پشتگیری تەواوی هەرێمی کوردستان و عیراق بکات  بۆ رووبەروو بونەوەی تیرۆرو نەهێشتنیان لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا نیشاندا وسوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەی کە هەفتەی رابردوو لە هەولێر لێیان کرا.



AM:10:05:05/07/2014