سێ کورد وەک پەرلەمانتاری ئەڵمانیا هەڵبژێردران

پاش ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى فیدڕاڵى وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، لە هەڵبژاردنەکەدا سێ کورد وەک پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و پەرلەمانتاری بەرلین هەڵبژێردران.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کەناڵی فەرمی ئەڵمانیا ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەن:

- سۆسیال دیموکرات ٢٥.٨%.

- سۆسیال کریستیان ٢٤.١%.

- پارتی سەوز ١٤.٦%.

- پارتی لیبڕاڵەکانیش ١١.٥%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تائێستا ئەوەی یەکلایی بووەتەوە ئەم بەربژێرە کوردانە توانیویانە دەنگی پێویست بەدەستبهێنن:
 
- قاسم تاهیر ساڵح، لەسەر لیستی پارتی سەوز، بەربژێری پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا.

- جانان بایرام، لەسەر لیستی پارتی سەوز، بەربژێری پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا. 

- ژیان عومەر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی بەرلین.

هاوکات رێژەی کورسی پارتەکان لە پەرلەمانی داهاتوی ئەڵمانیا پێکهاتووە لە:
 
- پارتی سۆسیال دیموکرات ٢٠٦ کورسی.

- هاوپەیمانییەکەی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیان ١٩٦ کورسی.

- پارتی سەوزەکان ١١٨ کورسی.

- پارتی دیموکراتیی ئازاد ٩٢ کورسی.

- پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا ٨٣ کورسی.

- پارتی چەپەکان ٣٩ کورسی.

بەگوێرەی ئەنجامەکان، كاندیدە هەڵبژێردراوەكان پێدەچێت حكومەتێكی هاوپەیمانی پێكبهێنن، بەڵام ڕێكەوتن لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیە لەوانەیە چەند مانگێك بخایەنێت.

دوێنێ یەکشەممە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەبەشداری (٤٧) پارتی سیاسی بەڕێوەچوو، زیاتر لە (٦٠) ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. 


AM:11:16:27/09/2021