لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک لە دەستگیركراوانی تری ناوچەی بادینان دادگایی دەكرێن

بڕیارە لە ماوەی سێ رۆژی ئەم هەفتەیەدا پرۆسەی دادگاییکردنی ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی ناوچەی بادینان بەڕێوەبچێت. 

بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بادینان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" سبەینێ سێشەممە دانیشتنی دادگایی هەریەکە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەدەچێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد: رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەش شیروان تەها ئەمین، مەسعود عەلی، کارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب دادگایی دەکرێن. 

بەشدار حەسەن ئاشکراشیکرد: رۆژی پێنجشەممەش پرۆسەی دادگایکردنی هەریەک لە سلێمان کەمال، سلێمان موسا، فرسەت ئەحمەد، عامر خالید و جەمال خەلیل بەڕێوەدەچێت. 

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمرۆ دووشەممە دادگاییكردنی پێنج لە دەستگیرکراوانی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی پشووی ڕۆژی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام پرۆسەی دادگاییكردنەكە دواخرا. 


PM:08:42:18/10/2021