وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند " لێبڕینی مووچە لەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان وەرگرتووە لە پێش ١ی تەمووزی ٢٠٢٠ ڕادەگیرێت و، لێیان وەرناگیرێتەوە و تەنیا ئەو مووچەیە وەردەگرن کە خۆیان هەڵیان بژاردووە".
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ وەزارەتی دارای و ئابووری هەرێمی کوردستان بەنوسراوی فەرمی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردوە، کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارای لەسەرە.
نووسراوەکە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکانی وەزارەت کراوە و تێیدا هاتووە" بەپێی ماددەی ١٤/ یەکەم لە یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ کە ناوەڕۆکەکەی (جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە ئاسەواری دارایی و دادوەری لێ ناکەوێتەوە بۆ حاڵەتەکانی پێش کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەیانگرێتەوە).
لە ڕاگەیاندراوەکە دا هاتووە " لێبڕینی مووچە لەو مووچەخۆرانەی کە دوو موچەیان وەرگرتووە لە پێش ١ی تەموزی ٢٠٢٠ ڕادەگیرێت و چیتر لێیان وەرناگیرێتەوە و تەنها ئەو مووچەیە وەردەگرن کە خۆیان هەڵیان بژاردووە".
لە بەشێکی تری ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە " هەر مووچەخۆرێک لە دوای ١ی تەموزی٢٠٢٠ دوو مووچەی وەرگرتبێت مووچە زیادەکەی لێوەر دەگیرێتەوە و تەنها یەک مووچە وەردەگرێت".