نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرێتی IQ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ کۆمپانیا و دەزگاکان چەند قات زیاد دەبێت

چەند رۆژێکە کۆمپانیای خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی IQ لە پارێزگای سلێمانی نرخی ئۆفەری خۆی بۆ کۆمپانیا و دامەزراوەو دەزگاکان چەند قات زیاد کردووە.

ئەم کۆمپانیایە کە کارئاسانی لە حکومەتی خۆجێی سلێمانیەوە بۆ کراوە کە لە رێگای فایبەر ئۆپتیکەوە ئینەرنێت بە زۆربەی زۆری شار و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بگەیەنێت و رێگای دراوە شەقامەکان هەڵکەنێت و هێڵەکانی رابکێشێت، تا ئێستا ئۆفەری ٣٩ هەزار دیناری هەیە کە زیاتر ماڵەکان بەکاری دەهێنن، لەگەڵ ئۆفەری ٤٩ هەزاری کە کۆمپانیا و دامەزراوەکان بەکاری دەهێنن، بەلآم ئەو کۆمپانیایە بڕیاری داوە کە نرخی ئۆفەری ٤٩ هەزار دیناریەکە بۆ کۆمپانیا و دەزگاکان چەند قات زیاد بکات و کەمترین نرخی ٩٨ هەزار دینار بێت  بۆ مانگێک و ئۆفەری زۆر گرانتریشی هەیە.

پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوەی ئەم کۆمپانیایە لەلایەن کۆمپانیاو دەزگا جۆراوجۆرەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان رەتبکرێتەوە.

کۆمپانیای IQ کە خزمەتگوازری ئێنتەرنێت بۆ پارێزگای سلێمانی دابین دەکات خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

پشکی شێری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دوو کۆمپانیاوە قۆرخکراوەو حکومەت هەموو کار ئاسانییەکان بۆ دەکات، هەرچی ناوچەکانی سلێمانییە کۆمپانیای IQ قۆرخی کردووەو سەر بەیەکێتی یە، هەرچی هەولێر و دهۆکە لەلایەن کۆمپانیای نەورۆز ئاڵا تیلیکۆمەوە قۆرخکراوە کە موڵكی پارتییەو، چەند وردە کۆمپانییەکی تریش لە هەرێمدا هەیە، بەشێوەیەکی گشتی بازاڕی ئەو بوارە قۆرخکراوەو رێگا بە کێبەرکێی تر نادرێت، بەو پێیەی حیزب پاڵپشتی ئەو دوو کۆمپانیایە دەکات.


PM:07:45:11/11/2021