شێخ جەعفەر هێرشێکی توند دەکاتە سەر پەرلەمانتاران

جێگری سەرۆکی هەریم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، هێرش دەکاتە سەر پەرلەمانتاران و دەڵێت " ئاخر بۆیە حاڵمان جوانە ئەوانە نوێنەری خەڵکن، ئەوانە نوێنەری هەرێمی کوردستانن، ئەوانە یاسا دەردەکەن، ئەوانە پارێزەری مافی تاکە کەسن، ئەوانە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە حاڵمان واجوانە، ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات".

جێگری سەرۆکی هەرێم، شێخ جەعفەر لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند "داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە تا کاتی هاتنیان، لەبەر ئەوەی کاتی هاتنیان ببوەوە هۆی دروستبونی دوو جەبهە، کە هێزی پێشمەرگە خەتێکی بەرگری دروست کردبوو، بەڵام ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکەن تەنها مەبەستییان شەهیدکردنی پێشمەرگە یا بریندارکردن یاخود زیانە لە کەلوپەلەکان و تەقەمەنییەکان، مەبەستییان شوێن گرتن نیە".

 

وتیشی "ئەگەر باسی هەرێمی کوردستان بکەین، کوردستان ناوچەیەکی ئارامە هیچ جموجۆڵێکی داعش یا هیچ گروپێکی تیرۆریستی تێدا نەبووە، ئەگەر هەشبوبێت ئەوە رێگری لێکراوە، بەڵام ئەو شوێنانەی ئێستا داعش بوه‌تە مەترسی بۆ سەر خەڵکەکەیی و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بنکەکانی هێزەکانی عیراق ئەو شوێنانەن کە پێشتر داعش لێی دەسەڵاتدار بووە، بەڵام ئێستا بە شێوەی مەفرەزەی بچوک بچوک لەوێن، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنیە لە نێوان هێڵی بەرگری عیراق و ئێمەدا کە پێش 16 ی ئۆکتۆبەر ئەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بوون، بەڵام ئێستا هێزە عیراقییەکان پڕییان نەکردوه‌تەوە لەبەر ئەوە بوه‌تە شوێنێک کە داعش هێرشی لێوەی دزە بکات و هێرشەکانی خۆی بکات دواتر بگەڕێنەوە بۆ پشتی جەیشی عیراقی، ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی هەیە لە پشتی هێزی عیراق لە بری ئەوەی هێزەکانی عیراق بێن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە بەڵام هاتوون هێڵێکی بەرگرییان بەرامبەر پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان داناوە، لە کاتێکدا ئێمە لە عیراقدا سەرۆک کۆمارمان هەیە، وەزیر و پەرلەمانتارمان هەیە کەچی هاتوون هێڵی بەرگری بەرامبەر ئێمە دروست دەکەن لەبری ئەوەی بەرامبەر داعش دروستی بکەن، ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پێویست دەکات بە هێزی هاوبەشی عیراقی و پێشمەرگە پڕبکرێتەوە، ژووری عەمەلیاتی هاوبەش هەبێت لەو ناوچانە بۆ ئەوەی پێکەوە بە هاوکاری هاوپەیمانانیش رووبەڕووی داعش ببینەوە".

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەسەر دووبارە بوونەوەی هێرشەکانی داعش دەڵێت "کەمتەرخەمی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ عیراق کە ناتوانێت ئەمنیەت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابین بکات، هۆکارێکی تر ئەوەیە ئێستا داعش بە شێوەی پارتیزانی هێرشەکان دەکەن، بۆ نمونە ئەوکاتەی ئێمە پێشمەرگە و پارتیزان بوین عیراق خاوەنی گەورەترین سوپا بوو لە ناوچەکە، بەڵام نەیتوانیووە چاری پێشمەرگە بشکێنێت یاخود نەیتوانیووە رێگری بکات لە چالاکیەکانمان بەو توانا کەمەی هەمانبوو کە زەوی و ئاسمانی نێوان بوو توانیمان سوپای عیراقی هیلاک بکەین، لەبەرئەوە ئەو پارتیزانیانەی کە شەڕی پارتیزانی دەکەن دەگەڕێن زانیاری کۆدەکەنەوە خاڵێکی لاواز دەدۆزنەوە پەلاماری ئەو خاڵە لاوازە دەدەن".

 

ئەوەشی باسکرد "خاڵی لاواز لە دنیادا هەیە، بۆ نمونە لێرەدا ئەوەیە، لە شوێنێکدا ئیهمالی هەیە، لە شوێنێکی تریش ژمارەیەکی کەم هەیە، لە شوێنێکدا گونجاوە بۆ پەلاماردان".

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەندێک لە سەرکردەکان دەڵێن هێزەکانی پێشمەرگە راهێنراو نین بەشێک لە کەمتەرخەمییەکان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوە؟

 

شێخ جەعفەرلە وەڵامدا ڕایگەیاند "من پێم وانیە هێزی پێشمەرگە وەک مرۆڤەکە خۆی کەمتەرخەم بێت و ژیانی خۆی و کەسوکاری خۆی خۆش نەوێت، بێگومان هەندێکجاریش ئیهمالی لەوێوە هەیە، بەڵام ئەگەر راستت دەوێت پێشمەرگە پێویستی بە مەشقێکی تەواو هەیە هەم بۆ بەرگری هەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کارانەی کە ئەمڕۆ داعش ئەنجامی دەدات، لەبەر ئەوە پێشمەرگە پێویستی بە مەشقی بەردەوام هەیە، بەڵام تا ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست مەشقییان پێ نەکراوە، تەنانەت ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانان مەشقییان بە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ نەکردووە کە چەندین هەزار شەهید و بریندارییان داوە".

 

هۆکاری ئەوە چەیە کە مەشق بە پێشمەرگە نەکراوە ؟ شێخ جەعفەر دەڵێت "ئەمڕۆ هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە عیراقدا هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن نەهاتوون مەشق بە هێزەکانی ٧٠ و٨٠ بکەن، تەنانەت لە پێش کۆرۆناوە مەشقەکانیشییان راگرتووە".

 

هەندێک خەڵک دەپرسن ئەو چەک و تەقەمەنی و یارمەتییە سەربازییانەی هاوپەیمانان لە کوێن کە دراون بە پێشمەرگە؟ بۆ ئێستا بەرگری پێناکەن لەبەرامبەر داعش؟

 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی وت "ئێمە سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین کە لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هاتنە کوردستان و تیمییان دروستکرد، بەهێزی ئاسمانی هاوکارییان کردین جگە لەوەی هەندێک هاوکاری ترییان کردین، بەڵام ئەو هاوکارییانەی کە هێزی هاوپەیمانان پێشکەشی پێشمەرگەیان کردووە بابێن حسابی لەسەر بکەن بزانین ئەو هاوکاری و یارمەتییانە هی ئەوەیە کە داعش تێکبشکێنێت؟ پێشمەرگە بە بیروباوەڕ و بەخوێن ئەو شەڕەی کردووەنەک بەو چەک و تەقەمەنییانە".

 

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر دواو و وتی "ئێستاش هەندێک چەک و دۆشکە هەن کە پێیان داوین لە شەڕی داعشەوە یەک فیشەکییان پێنەداوین و فیشەکیشی نەماوە، راستە ئەمریکا چەند لیوایەکی پڕ چەک کردووە و مەشقییان پێدەکات، بەڵام هێشتا هەندێک پێداویستی ماون، بۆ نمونە دوربینێکی (حەراری) کە بەشەو بتوانین چاودێری پێ بکەین با بزانین چەند لەو دوربینانەیان داوە بە پێشمەرگە؟ بابشزانین داعش چەند لەو دوربینانەی هەیە کە ئەمڕۆ بەو دوربینە حەرارییانە ئەو عەمەلیە نەوعییانە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عیراقیش دەکات، لەبەرئەوە راستە هەندێک چەک و تەقەمەنییان پێداوین، بەڵام تەنانەت جیهازێکی وای پێنەداوین کە ئەو بۆمب و مینە چێنراوانە بدۆزێتەوە و کەشف بکات کە سەدان پێشمەرگەی شەهید و برینداری کردوون، ئێمە دووبارە سوپاسی هاوکاری هاوپەیمانان دەکەین بەڵام هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بژی و مەمرە بووە، هاوکارییەک نەبووە کە هێزێکی تۆکمە و پڕ چەک دروست بکەن بەرامبەر داعش، بەپێچەوانەوە ئێستاش داعش لە هەموو هێزەکانی تر بەهێزترە بەڵام هێزی پێشمەرگە بە بیروباوەڕ شەڕی کردووە ئەگەرنا ئەگەر لەڕووی چەک و شارەزاییەوە ئێستاش رەنگە داعش لە سوپای عیراق بەهێزتر و شارەزاتر بێت".

بۆچی پێداویستیە سەرەتاییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دابین ناکەن؟ لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا،  شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی "لەبەرئەوەی چ هێزەکانی هاوپەیمانان، چ وڵاتانی تر راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناکەن، ئەوان دەڵێن کوردستان بەشێکە لە عیراق دەبێت لەسەر رەزامەندی عیراق بێت، عیراقیش رەزامەندی دەرنابڕێت بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان ئەو پێداویستییانە بهێنین بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان".

یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چ کاریگەرییەکی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعش و مەترسییەکان کردووە کە رۆژی رابردوتر کاک مەسعود بارزانیش رایگەیاند: "مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە".

ڕاشیگەیاند "بێگومان ئێمە ئەگەر حسابی ئەوە بکەین، راستە هێزی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا یەک سەنگەر و یەک سەرکردایەتییان هەبووە، ئیلتزامی تەواویان هەبووە و لەیەک سەرچاوەوە هاوکاری کراون فیشەک و پێداویستییان لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی گشتی پێشمەرگە بۆ دابین کراوە، ئەمە هەمووی راستە بەڵام ئەگەر ئێمە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگەی پڕچەککراو و مەشقپێکراو بوینایە هیچ سیمایەکی حزبایەتی پێوە نەبوایە بێگومان سەرکەوتنی زۆر زۆر گەورەمان بەدەست دەهێنا، رەنگە زۆربەی ئەو مەترسییانەی کە ئەمڕۆ هەیە لەناومان ببردنایە".

 

سەبارەت بەو مەترسییە گەورانەی باس دەکرێت؟ شێخ جەعفەر روونیکردەوە "مەترسی زۆرە، هەرخۆی کە باسی داعش دەکەین بۆ خۆی گەورەترین مەترسییە، ئیتر لە دوای داعش چ مەترسییەکی تر دێتە ئاراوە ئەوە بۆخۆی چاوەڕوانکراوە چونکە ناوچەکە بۆ خۆی هەمووی شەڕە".

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان ئاڕاستەی حزبەکانی بەرامبەرییان دەکەن، شێخ جەعفەر دەڵێت "ئاخر بۆیە حاڵمان جوانە ئەوانە نوێنەری خەڵکن، ئەوانە نوێنەری هەرێمی کوردستانن، ئەوانە یاسا دەردەکەن، ئەوانە پارێزەری مافی تاکە کەسن، ئەوانە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە حاڵمان واجوانە، ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات، جیاوازی پێشمەرگەیەک بکەیت کە لەسەنگەردا بێت و شەهید بێت کە لەم رۆژانەی دوایدا بەو هاوڵاتیانەوە نۆزدە کەس شەهید بوون، داعشێک نەیپرسی کامە پارتیە؟ یا یەکێتیە؟ یاخود حزبێکی ترە؟ بەداخەوە بۆ ئەو منداڵ و مەزن و نەفام و بێ عاقڵانە کە ئەوانە وەک ندی و بدی ئەم قسانە دەکەن و بەهەوەسی خۆیان لێدوان دەدەن من هەر ئەوەندەیان پێدەڵێم".

 



PM:12:25:06/12/2021