هەپەگە: ئەو هێزانەی کە بەرامبەر گەریلا جێگیركراون، پێویستە بەرامبەر دوژمنانی گەلەكەمان جێگیربكرێن

وتەبێژی ڕاگەیاندنی هێزه‌كانى پاراستنى گه‌ل (هەپەگە) په‌یامێكى به‌په‌له‌ی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئێمە ئامادەین گەلەكەمان لە باشوری كوردستان و كەركوك بپارێزین". ئاشکراشیکرد، ئەو هێزانەی لە بەرامبەر گەریلادا جێگیركراون، پێویستە لە بەرامبەر دوژمنانی گەلەكەماندا جێگیربكرێن". 

سەردار یەكتاش، وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (فوڕات نیوز) ڕایگەیاند" توركیا لە ٢٣ی نیسانەوە بۆ داگیركردن هێرشی كردە سەر باشووری كوردستان، لە سایەی بەرخۆدانی گەریلاوە نەیتوانی پێشڕەوی بكات و لە هەندێك ناوچەش ناچار بوو بكشێتەوە، بەڵام لە ئێستادا داعش هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی كەركوكی باشووری كوردستان". 

ئەوەشی خستەڕوو، جموجوڵەكانی داعش لە دەوروبەری كەركوك دەرەئەنجامی پلانێكە، كە لەجموجوڵەكانی دەوڵەتی توركیا جیا نییە گەریلا ئامادەیە گەلەكەمان لە باشوری كوردستان و كەركوك بپارێزن.

بەرپرسەکەی هەپەگە لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا وتیشی" ئەو هاوكارییانەی بۆ پێشمەرگە نێردراون لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە بەرامبەر گەریلادا لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیادا جێگیركراون، لە كاتێكدا پێویستە ئەو هێزانە لە جیاتی ئەوەی لە دژی گەریلا بوەستێنرێنەوە لە دژی دووژمنانی گەلی كورد جێگیركرابانایە و جێگیركردنی هێز لە بەرامبەر گەریلادا، خزمەت بە دۆزی كورد ناكات". 

دەقی لێدوانەكەی وتەبێژی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF):

ساڵی ٢٠١٤ كاتێك داعش هێرشی كردە سەر ئەو ناوچەیە ئێوە وەك هەپەگە، شانبەشانی پێشمەرگە لەو ناوچانە شەڕتان كرد و گەلتان پاراست و ناوچەكەتان لە داعش پاك كردەوە. ئایا ئەگەر ئێستا هێرشەكانی داعش زیاد بكەن و مەترسی و هەڕەشەكانیان زیاتر بكەن، ئێوە دیسانەوە ئامادەن هەمان ئەو كارە لە دژی داعش بكەنەوە؟

سەردار یەكتاش: بێگومان ئەوە دەكەین. لە هەر شوێنێك هێرش بكرێتە سەر گەلەكەمان ئەركی ئێمەیە، كە بە شێوەی فیدایی گەلەكەمان بپارێزین. ئەگەر بۆ ئەو ناوچەیە بێت كە تۆ وتت، ئەگەر پێویستی بە ئێمە هەبێت و داوامان لێ بكرێت، ئیمە وەك هەپەگە ئامادەین گەلەكەی خۆمان لە كەركوك بپارێزین. هەروەك وتت، لە ساڵی ٢٠١٤دا چۆن بە ئەركەكانمان هەستاین، ئێستاش لەلایەن ئێەوە هیچ بەربەستێك نییە، كە ئەو ئەركەی خۆمان جێبەجێ نەكەین.

لەو هێرشانەدا چەندین هاووڵاتی لە گەلەكەمان و پێشمەرگە شەهید بوون. لەو رووەوە لاوازیی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بووەتە بابەتی گفتوگۆ. وەك لە رای گشتیدا باس دەكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە) بە زۆری و بە چڕی رووی لە ناوچەكانی گەریلا كردووە. دەوترێت، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەكان و ئەو چەكانە، كە لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەكانەوە بۆ شەڕ لە دژی داعش دراونەتە پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەكە)، ئێستا بەو چەكانە لە سەدان گرد و شاخەوە ناوچەكانی گەریلایان گەمارۆ داوە…

ئەو زانیارییانەی لە ناو ڕای گشتی دا بڵاوبوونەتەوە و ئەوانەی ئێوە باستان كرد، بەداخەوە ڕاستە. ئەو هەموو هێزە سەربازی و ئەو هەمو دەرفەتە دەبوایە نەك لە دژی گەریلا، بەڵكو لە دژی دوژمنانی ڕاستەقینەی گەلی كورد جێگیر بكرانایە. چونكە ئەمە بۆ دۆزی خەڵكی باشووری كوردستان سوودی نییە و بە سوودی بۆ پرسی ئازادیی هەموو خەڵكی كوردستانیش نییە. هەروەها دەبێت ئەوە بزانرێت، بە هێزی قەرەباڵغ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، كە بۆ نمایشكردن بێت، ناتوانرێت گورز لە داعش بدرێت، بەڵكو تەنها به یەكەی بچووك ده توانرێت گورزی لێی بدرێت. هەر خۆی ئێمە وەك هەپەگە كاتێك شێواز و تاكتیكەكانی سەردەمی نوێی گەریلامان دەستنیشانكرد، ئەمە یەكێك بوو لە گرنگترین تایبەتمەندی و خەسڵەتەكان، كە ئێمە لەبەرچاومان گرت. بەو شێوەیە لە دژی هەموو جۆرەكانی هێرش ئەنجاممان بەدەست هێنا. هەپەگە لەم بوارەدا زۆر بە ئەزموون و لێهاتووە.

"ئێمە هیچ پەیوەندیمان بە ڕووداوی بۆمبەكەی سێرتەوە نییە”

– لە هەندێك هەواڵدا بڵاوكرایەوە، كە گوایە تەیب ئەردۆغان سەرۆكی دەوڵەتی تورك لە كاتی رۆیشتنی بۆ سێرت بۆمبێكی لە ئۆتۆمبیلێكی پۆلیسدا بۆ دانراوە و ڕێگری لە هێرشێك بۆ سەر ئەردۆغان كراوە. میدیاكانی توركیا ئەوەیان خستە ئەستۆی گەریلا و هەوڵیان دا ئەوە بكەنە رۆژەڤی توركیا و لە رای گشتیدا ببێتە جێگای مشتومڕ، ئایا ئەو بانگەشەیە ڕاستە؟

سەردار یەكتاش: ئێمە هیچ پەیوەندیەكمان بە ڕووداوی بۆمبەكەوە نییە. ڕەنگە ئەوە سیناریۆیەك بێت، كە لەلایەن ئاكەپەوە ئامادە كرابێت. ڕژێمێكی فاشیست و سەركردەكانی ئیدی لە رۆژەڤ و بابەت دا نەماون، بێزراون و كەس باسیان ناكات. ڕەنگە ئەو كارەیان بۆ ئەوە كردبێت، كە ئاكەپە بە شێوەیەكی جیاواز بخەنەوە ناو رای گشتی و رۆژەڤی توركیا و خۆیان وەك قوربانی نیشان بدەن. دەوترێت بۆمبەكە ١.٥ یەك كیلۆ و نیوە بووە. هەموو كەس دەزانێت، كە تەقەمەنییەكی بەو ئەندازەیە هەرگیز كار ناكاتە سەر ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و گولـلەنەبڕی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەوەی گوتراوە ناڕاستە و تەنها بۆ پڕوپاگەندەیە.


PM:08:01:06/12/2021