(سپی) زانیاری ورد لەسەر مووچە و ئیمتیازاتەكانی پەرلەمانتارانی عێراق بڵاودەکاتەوە

لە ئەمڕۆوە كە پەرلەمانتارانی عێراق سوێندی یاسایی دەخۆن مووچە و ئیمتیازاتیان بۆ دەبەسترێت، هەر پەرلەمانتارێك مانگانە 23 ملیۆن دینار دەچێتە سەر حسابی بانكییەكەی.

بڕیارە ئەمڕۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بكات كە ئەندامانی پەرلەمان 329 ئەندامن و لە ئەمڕۆوە مووچە و ئیمتیازاتەكانیان بۆ دەبەسترێت، نەك لە رۆژی ناوەكانیان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) هەر پەرلەمانتارێك بۆ مووچەی بنەڕەتییەكەی دوو بڕیار هەیە یەكێكیان چوار ملیۆن بێت یان پێنج ملیۆن دینار، بۆیە تائێستا نازانرێت چ مووچەیەكیاتن بۆ دەبەسترێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كۆی مووچەیان نزیكەی 6 ملیۆن و 500 هەزار دینارە كە ئەو دوو ملیۆن و 500 هەزارە دەرماڵەیەكە، پاشان دەرماڵەی بڕوانامە و خێزانیش هەژمار دەكرێت بەو شێوەیە دەگاتە زیاتر لە هەشت ملیۆن دینار، بەڵام لەو بڕە یەك ملیۆن و 500 هەزار دیناریان بۆ خانەنشینی و باجی دەرامەت لێ دەبڕن، بەڵام 6 ملیۆن و 500 هەزاریان بۆ دەمێنێتەوە.

بۆ شوێنی مانەوەشیان، هەر پەرلەمانتارێك دەتوانێت شووقەیەك بە كرێ بگرێت لەسەر حسابی پەرلەمان، دواتر گرێبەستی شووقەكە دەباتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەوانیش لیژنەیەك دەنێرن تا بزانن ئەو شوێنە مانگانە هەقی چەندی هەیە بۆ بەكرێگرتن.

هەروەها هەر پەرلەمانتارێكیش مووچەی 16 پاسەوانی بۆ دادەنرێت كە هەر پاسەوانێك یەك ملیۆن دینارە و ئەو پارەیەش دەچێتە سەر حسابی پەرلەمانتارەكە، بۆیە پەرلەمانتارەكە ئازادە چەند پاسەوان دادەنێت و چەندیشیان پێدەدات، بۆیە كۆی گشتی مانگانە 23 ملیۆن دینار دەچێتە سەر حسابی هەر پەرلەمانتارێك.

سەبارەت بە مووچەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش كە سەرۆك و دوو جێگرن، مووچەی بنەڕەتی سەرۆكی پەرلەمان 8 ملیۆن و جێگرانی 6 ملیۆن دینارن، بە كۆی گشتییان لە 40 ملیۆن دینار و زیاتریش نزیك دەبنەوە، سەرۆك و جێگرانی سەرۆكیش هەریەكەیان 30 پاسەوانیان هەیە كە هەر پاسەوانێك ملیۆن دینار مووچەیان بۆ دابین دەكرێت. 


AM:11:18:09/01/2022