باوک و دایکێک بەتۆمەتی کوشتنی منداڵەکە یان دەستگیرکران

زڕدایکێک و باوکی منداڵێک بە تۆمەتی کوشتنی منداڵەکەیان دەستگیرکران کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەبووە.

 

کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٤ی شوبات، تەرمی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ و شەش مانگ لەسنوری پارێزگای هەولێر دۆزرایەوە کە شوێنەواری فیشەک لەسەر جەستەی هەبوە، پۆلیس باوک و  زڕ دایکەکەی بەتۆمەتی کوشتنی ئەو منداڵە دەستگیرکردووە، لە گوندی عەزەوقۆنیان سەردار لە ناحیەی شەمامکی سنوری پارێزگای هەولێر، تەرمی منداڵێکە دۆزراوەتەوە بە ناوی شەهیان کە شوێنەواری فیشەک لەسەر جەستەی هەیە.

بەپێ ئەو زانیاریانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاویکردووەتەوە لەسەر رووداوەکە، بەشێک لە شاهێدحاڵەکان  دەڵێن "هەرچەندە دڵنیا نین لەوەی منداڵە خۆی کوشتوە یان کوژراوە، بەڵام زڕدایکەکەی مامەڵەی لەگەڵیدا زۆر خراپ بوە و بەبەردەوامی لێیداوە".

ئەومنداڵە چوارساڵە، بە تەنها لەلای باوک و زڕ دایکەکەی ژیاوە و خوشک و برایەکی دیکەشی لەگەڵ دایکیان ژیاون، کە  لە ڕابردوودا لەگەڵ باوکیان لەیەکتر جیابونەتەوە بەجیا دەژین.



PM:06:56:04/02/2022