حكومەتی هەرێم رێنماییەكی نوێی بۆ خانەنشینان دەركرد


وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رێنماییەكی نوێی بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەركرد كە دوای خانەنشین بوون گەڕاونەتەوە سەر كار و جارێكی دیكەش خانەنشینكراون و پاداشتیان وەرگرتۆتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەمڕۆ رێنماییەكی نوێی بۆ وەزارەت و دام و دەزگاكان گشتاندوە و رایدەگەیەنێت، ئاماژە بە كۆنووسی ژمارە 46 لە 7ی 12ی 2021 لیژنەی پێداچوونەوە و دەركردنی رێنماییە داراییەكان ئەو فەرمانبەرانەی كە خانەنشینكراون و پاداشتی خانەنشینیان وەرگرتووە، بەڵام دووبارە دامەزراونەتەوە و خانەنشینكراون، پێویستە رەچاوی ئەم دەقەی خوارەوە بكەن.

وەزارەتی دارایی دەڵێت "ئەو فەرمانبەرانەی كە دامەزراونەتەوە یان گەڕاونەتەوە سەر كار و پاداشتی خانەنشینیان بۆ خەرجكراوە بەپێی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكان دەبوایە پاداشتی خانەنشینییان بگەڕاندبایەتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێم لەلایەن فەرمانگەكەیەوە، بەڵام نەیانگەڕاندۆتەوە و دووبارە خانەنشین كراونەتەوە دەتوانن ئەو پاداشتە بگەڕێننەوە دووبارە لەسەر خانەنشینكردنی دووەمجار پاداشتیان بۆ خەرج بكرێتەوە لەماوەی 60 رۆژ لەڕێكەوتی دەرچوونی ئەم گشتاندنە".



PM:02:25:10/02/2022