"بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی، كۆنگرەی پارێزەران دواخرا"


بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆنگرەی شەشەمی سەندیكای پارێزەران بۆ كاتێكی نادیار دواخرایەوە.

ئەردەڵان ئەحمەد رەشید، سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئاماژە بەبڵاوكراوەی ژمارە 15ی رێكەوتی 27-1-2022 لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەی شەشەم سەندیكای پارێزەران كە تێیدا وادەی 9-2-2022 دیاریكرابوو وەك دوایین وادە بۆ وەرگرتنەوەی لیستەكان دوای ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە ناوی كاندیدەكان بەپێی ویستی لیستەكان، بەڵام بەهۆی داواكاری لیستەكان بۆ درێژكردنەوەی ئەو ماوەیەی تا رێكەوتی 14-2-2022 لەبەرئەوەی تائێستا نەیانتوانیوە وەك پێویست لیستەكانیان رێك بخەنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بۆیە لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرەی شەشەم لەڕێكەوتی 9-2-2022 كۆبوونەوەیەكی ئۆنلاینی ئەنجامدا و بڕیاریدا بەدرێژكردنەوەی وادەی وەرگرتنەوەی لیستەكان تاكو رێكەوتی 14-2-2022، ئەم وادەیە وەك دوایین دەرفەتە بۆ لیستەكان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری و گێڕانەوەی لیستەكانیان بۆ لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرە لە باڵەخانەی سەندیكای پارێزەران لە شاری هەولێر.

بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (سپی) هۆكاری دواخستنی كۆنگرەی پارێزەران داواكاری لیستەكان نییە، چونكە تەنها لەبەرئەوەی پارتی و یەكێتی لەسەر لیستەكەیان ڕێكنەكەوتن، لیستی برایەتی  بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكا ئەو وادەیە درێژكراوەتەوە، بۆ چەندین جاری دیكەش هەمان ئەم حاڵەتە دووبارە بۆتەوە.



PM:07:33:10/02/2022