مەراسیمی یادی شەهیدانی ١٧ی شوبات بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ مەراسیمی یادی شەهیدانی (١٧)ی شوبات بەبەشداری کەسوکاری شەهیدان و هاوڵاتییان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تیایدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە سێ کەسایەتی.

لە مەراسیمەکەدا باوکی سورکێو وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند" لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا  گەنجان و خەڵکی کوردستان، لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لە دژی نا عەدالەتی و ستەمی دەسەڵات، ڕژانە سەرشەقامەکان، بەڵام یەکێتی و پارتی لە بری بە پیرەوە چوونی داواکاریەکان، وەکو هەموو جارەکانی دیکە بە فیشەک وەڵامی خۆپشاندەران درایەوە، لە ئاکامدا ژمارەیەک ڕۆڵەی ئازادیخوازانی گەلەکەمان شەهید کران و زیاتر لە (٦٠٠) کەسیش بریندار بوون". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ (١١) ساڵ تێپەڕ دەبێت داخوازی و داواکاری خەڵک جێ بە جێ نەکراون، بەڵکو ژیانیان قورستر کرد، نا دادپەروەری و توندوتیژی و پێشێلکاردنی یاسا، زۆر زیاتر بووە.

جەختیشیکردەوە، کە دەبێت تاوانباران بدرێن بە دادگا و سزای ڕەوای گەلیان بە سەردا بسەپێت، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە دەستبەرداری ئەم مافە یاساییەمان نابین.

هەر لە مەراسیمەکەدا خەڵاتی شەهیدان پێشکەش بە هەریەک لە (ئەبوبەکر هەڵەدنی و حاجی ئاسکە و سەڵاح چاوشین) کرا. 

رووداوەكانی ١٧ی شوبات شەهیدبوونی زیاتر لە خۆپیشاندەر و برینداربوونی سەدان خۆپیشاندەری لێكەوتەوە و خەڵكی ناڕازی شارەكانی سلێمانی و دەوروبەری و هەلەبجە و گەرمیان و دەڤەری راپەڕین، بۆ ماوەی ٢ مانگ خۆپیشاندانیان دژی دەسەلات و حكومەتی هەرێم و گەندەڵی و ناعەدالەتی ئەنجامدا، لەپیناو چاكسازی و هێنانەكایەی دادپەوەری و خزمەتگوزارییەكان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکان چەند جارێك تەقە لەخۆپیشاندەران كرا و چەندین خۆپیشاندەر شەهید و بریندار بوون. سەرەنجام بەزەبری هێز خۆپیشاندانەكان كۆتاییان پێهێنرا. 


PM:09:04:17/02/2022