دارایی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە بانكەكان ئاگادار دەكاتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە بانكەكان ئاگادار دەكاتەوە و دەڵێت" بەشێك لەو مووچەخۆرانە مووچەكانیان بۆ خەرج ناكرێت". 

بەپێی نووسراوێكی بەرێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان كە لە ٩ی شوباتی ٢٠٢٢ دەرچووە و بۆ گشت بانكەكان نێردراوە ئاماژە بەوە كراوە" لە كاتی دابەشكردنی مووچەی خانەشینی پێشمەرگە دەبێت چەند بابەتێك رەچاو بكرێت". 

لە نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە كاتی وەرگرتنی مووچە دەبێت، هەر خانەنشینێك و میراتگرێك خۆی ئامادە بێت و بریكار نامە كاری پێ ناكرێت". 

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، دەبێت بریكار نامەی (شەهادەی حەیات) بهێنن، ئەویش بۆ ساڵی (٢٠٢٢) بێت.

وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، دەبێت سەرجەم خانەنشینان و میراتگرەكان فۆڕمی ئامادە بوونی ساڵانە لەگەڵ خۆیان بهێنن بە پێچەوانەوە مووچەیان بۆ خەرج ناكرێت، هاوکات دەبێت خانەنشینی زیندووی پێشمەرگە فۆڕمی دەرماڵە بگەڕێنێتەوە، بە پێچەوانەوە مووچەیان بۆ خەرج نەكرێت.


PM:01:53:22/02/2022