قوباد تاڵەبانی داوای لێبوردن لە کۆرپەی ئەفسەرە شەهیدەکەی پۆلیس دەکات

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ، ڕایگەیاند "بە بیستنی هەواڵی لە دایکبونی یامور، کچی یەکەم شەهیدی رێگای پاراستنی ژنان، شەهید محەمەد لەتیف، دڵخۆشبوم، پیرۆزبایی لە دایکی و خانەوادەکەی دەکەم، دەشمەوێت داوای لێبووردن لە منداڵەکانی بکەم".

ئەمڕۆ ٢ی ئادار چوار شەممە  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەدوای لەدایکبونی منداڵەکەی نەقیب محەمەد ئەو ئەفسەرەی چەند مانگێک لەمەو پێش لەکاتی ئەرکەکەیدا شەهید کرا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 ناوبراو ڕایدەگەیەنێت "بە بیستنی هەواڵی لە دایکبوونی یامور، کچی یەکەم شەهیدی رێگای پاراستنی ژنان، شەهید محەمەد لەتیف، دڵخۆشبوم، پیرۆزبایی لە دایکی و خانەوادەکەی دەکەم، چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەم، کە خۆم بتوانم بە یامور بڵێم باوکی کەسێکی قارەمان بوو، لە پێناوی پاراستنی ژیان و کەرامەتی ژنێک خۆی و هاوڕێکانی کەوتنە بەردەم مەترسی و هێرشی تاوانباران و بە داخەوە شەهید کرا.

قوباد تاڵەبانی وتیشی، "دەمەوێت داوای لێبوردن لە یامور و یارانی خوشکی بکەم کە زیاتر لە ٩٠  رۆژە چاوەڕێن بکوژانی باوکیان دەسگیربکرێن، بەڵام هەر چۆن لە سەرەتاوە دڵنیایم دا، ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە کە هێزە ئەمنییەکان کاری خۆیان دەکەن".

باسی لەوەشکرد،  لەنزیکەوە چاودێریی بەدواداچونەکان دەکەم هەتا ئەو رۆژەی مژدە و هەواڵی دەستگیرکردنی بکوژانی شەهید محەمەد دەبەم و لەدەرگای ماڵی یامور و یاران دەدەم.

 



PM:02:46:02/03/2022