دەربارەی لێبڕینی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران ڕوونکردنەوە دەدرێت

بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان دەربارەی لێبڕینی مووچەی بەشێک لە مووچەخۆران ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" ئەوانەی پارەکەیان لێبڕدراوە زیاتر لە سنوری پارێزگای سلێمانین". 

به‌ره‌ڤان حەمدی، بریکاری وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" بەدواداچوونمان بۆ بڕینی ئەو (٥٠) هەزار دینارەی مووچەی هەندێك لە كەسوكاری شەهیدان كردووە، ئەو پارەی بڕدراوە، دەرماڵەی هاوسەر و منداڵە، ئەو بابەتە بۆ یەكخستنی دەرماڵەكانە، بۆ ئەوەی ئەگەر فەرمانبەر بێت، یان مووچەی تری هەبێت، لە چەند شوێنێك دەرماڵەكە وەرنەگرێت، ئەوەی لێی بڕدراوە، بۆی خەرج دەكرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانی پارەكەیان لێبڕدراوە، پەسەندی خۆیان دەبەنە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كاروباری شەهیدانی پارێزگاكان و پارەكەیان بۆ دەبەسترێتەوە، بەو مەرجەی لە شوێنی دیكە هەمان دەرماڵە وەرنەگرن و دواترلەگەڵ مووچەی مانگی سێ بۆیان خەرج دەكرێتەوە.

باسی لەوەشکردووە، ئەوانەی پارەكەیان لێبڕدراوە زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانین، لە هەولێر و دهۆك پێشووتر ئەو رێكکارە ئیدارییە گیراوەتە بەر. 


PM:02:15:18/03/2022