" تورکیای سەردەمی ئۆردوغان دەیان ساڵ مافی مرۆڤی بۆ دواوە گەڕاندۆتەوە "


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و ناوەندی فریدم هاوس (خانەی ئازادی) لە ڕاپۆرتەکانی ساڵی 2022 یاندا سەبارەت بە کارنامەی حکومەت لە 2021دا باس جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کارنامەی مافەکانی مرۆڤی ئەو وڵاتەی دەیان ساڵ بۆ دواوە گەڕاندووەتەوە.

لەبارە کوردەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە" شەڕ و پێکدادانەکانی چەکدارانە لە نێوان لەشکری تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا لە ساڵی ڕابردوودا هەر درێژەی هەبوو، ئەگەرچی هەڵمەتی لەشکری تورکیا تیشکی خستووەتە سەر بنکەکانی پەکەکە لە کوردستانی عێڕاق و بۆ ئەوە مەبەستە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش کەڵک وەردەگرترێت".

راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات لە مانگی دوو، لە ساڵی ٢٠٢١ دا، هاوبەندی دەستەڵاتداری ئەردۆغان هەڵمەتەکانی چڕتر کردەوە بۆ ئەوەی چالاکییە سیاسییە ڕەواکانی پارتی ئوپۆزسیۆنی دیموکرات گەڵ (هەدەپە) بە تاوانکاری دابنێت، ئەو پارتەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرانسەری پەرلمانی ٢٠١٨دا زیاتر لە ١١% دەنگەکانی بەدەستهێنا. 

حکومەتی تورکیا هەدەپە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت . لە مانگی شەشدا، هێرش بۆ سەر ئۆفیسەکانی ئەو پارتە لە شاری ئیزمیر کرا کە چەکدارێکی حکومەت دەسترێژی لە دێنیز پۆیراز ئەندامی ئەو پارتە کرد و کوشتی.

دەیان لە سیاسەتمەدارانی پێشووی هەدەپە، لە نێویاندا شارەداران، دوای مەحکووم کردنیان بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆرسمەوە لە سەر بنەمای چالاکییەکانی ڕەوا و مەدەنی خۆیان، پێشکەش کردنی گوتار و چالاکی لە سەر ڕاگەیەنەرە گشتییەکان، بەندکران. تورکیا لە درێژەی ئەو هەڵمەتەی کە لە مانگی پێنجدا دەستیپێکرد، دەیان کەسی لە سیاسەتمەدارانی ئێستا و پێشووی هەدەپەی دەستگیرکردووە، لە ناویاندا سەلاحەدین دەمرتاش و فیگەن یوکسەکداغ وەک هاوسەرۆکانی پێشووی پارتەکە. ئەوان بەو تۆمەتانە دادگاییکران کە لە خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی ٦ بۆ ٨ ی مانگی١٠ی ٢٠١٤ دا گوایە نەخشیان هەبووە کە تێیدا ٣٧ کەس کوژران.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە مانگی ٦ دادگا بڕیاری دا کە پارتی دیموکراتی گەلان بۆ هەمیشە قەدەغە بکات و لە ٤٠١ سیاسەتوان و کاربەدەستانی ئەو پارتەی قەدەغە کرد کە تا پێنج ساڵ نابێت تێکۆشانی سیاسییان هەبێت.

تورکیا بۆ هێرشەکانی لەشکری مانگی یەکی٢٠١٨ و مانگی ١٠ی ٢٠١٩ بۆ ناوچەکانی باکووری خۆرهەڵاتی سوریا کە ئەو بە بەشێک لە شەڕی دژ بە گرووپەکانی سەر بە پەکەکە ناوزەد دەکات، پاساو دێنێتەوە. ئەو حکومەتە هەروا درێژە بە داگیرکردنی خاکی ئەو هەرێمە دەدات و هاووڵاتیانی سوریا بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ تورکیەیان دەگوازێتەوە تا بە تۆمەتەکانی تێرۆرستی دادگاییان بکات کە حوکمی تاسەر لە بەندیخانەش دەگرێتەوە.



PM:11:40:24/03/2022