ڤیدیۆ.. ئاریاس جاڤان کۆتا بەرهەمی ماریا سامی بەشێوەی دوێت بڵاوکردەوە

گۆرانیبێژی لاوی کورد ئاریاس جاڤان شەوی ڕابردوو کۆتا بەرهەمی ماریا سامی بەشێوەی دوێت بڵاوکردەوە. 

ئاریاس جاڤان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتوب بەرهەمی (قەت لە بیرت نەچێت)ی لەگەڵ ماریا سامی بەشێوەی دوێت بڵاوكردەوە و دەڵێت" كاتێك بیستم ماری سام لە كاتی تۆماركردنی بەرهەمەكە لە ستۆدیۆ، بە جول دەڵێت، خۆزگە ئەم بەرهەمە لەگەڵ كاك ئاریاس دەبوو، ئەم قسەیە وایكرد بەرهەمەكە بكەمە هاوبەش لە گەڵی".

ئەوەشی خستەڕوو، بە زیادكردنی بەشێكی تر بۆ بەرهەكە، دووبارە پێشكەشی روحی ماریای دەكەمەوە، ئەم بەرهەمە دەبێتە مێژوویەكی گەورە، چونكە لەگەڵ هەست و روحی هەر مرۆڤێك تێكەڵ دەبێت. 

ئەم گۆرانییەی ماریا یەکەم و کۆتا بەرهەمی بوو، تێكستی گۆرانییەكە لەلایەن محەمەد شعاعی و ئاریاس نوسراوە، ئاریاس ئاوازەكەی بۆ داناوە، هاوکات ئاری جۆڵ کاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە، شەوی ڕابردووش ئاریاس ئەو بەرهەمەی دووبارە بەشێوەی دوێت بڵاوکردەوە. 

ئاریاس جاڤان خەڵکی شاری مەهابادە، ماوەیەکی زۆرە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە، لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنسێرتی ئەنجام داوە، خاوەنی هەوادارێکی زۆرە.

ئيمان سامی ناسراو بە ماریا سام تەمەنی (٢٠) ساڵ بوو، دوو ڕۆژ پێش هەشتی مارسی ئەمساڵ بە دەستی براكەی لە شەقامی (١٠٠) مەتری شاری هەولێر كوژرا، دوای ڕووداوەکەش براكەی لە شاری كەركوك دەستگیركرا، رووداوەكەش ناڕەزایەتی زۆرێک لە هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.


PM:01:37:28/03/2022