وەزارەتی تەندروستی بڕیاری کەمکردنەوەی دەوامی دەرکرد


وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا یەک کاتژمێر دەوامی فەرمی لە ناو دیوانی وەزارەتی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و نەخۆشخانە و سەنتەر و مەڵبەندە تەندروستییەکان کەمدەکرێتەوە..

 وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە گشتاندنێکدا ئەمڕۆ سێ شەممە ئاماژەی بەوەداوە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و رەچاوکردنی کاتەکانی دەوام لەمانگی رەمەزاندا، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی پێیاندراوە بڕیاریدا بە:

١-دەوامی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەراتییە گشتییەکان و هەر دامودەزگایەکی دیکەی تەندروستی کەوا لە رۆژانی شەممە دەوامی نییە، لە رۆژەکانی دیکەی هەفتەدا یەک کاتژمێر دەوامی فەرمی کەمدەکرێتەوە و لە کاتژمێر٣ی دوانیوەڕۆوە بۆ کاتژمێر ٢ی دانیوەڕۆ دەبێت.

٢-نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکان و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان دەوامی فەرمی کەمدەکرێتەوە لە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆوە بۆ کاتژمێر ١ی دوانیوەڕۆ.

٣- خزمەتگوزارییەکانی دوای دەوامی فەرمی وەکو "نۆرینگە میللییەکان و راوێژکارییەکان" و "نیمچە تایبەتەکان" بەهەمان شێوە یەک کاتژمێر لە کۆتایی دەوام کەمدەکرێتەوە.

٤- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و بەشەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان و نۆرینگە ئێشکگرییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی کەوا دەوام بەشێوەیەکی ئێشکگر دەبێت، لە رێگەی بەڕێوەبەر و بەرپرسی پەیوەندیدار بە خشتە و فەرمانی کارگێڕی ئێشکگری دەوامەکانیان رێکدەخرێتەوە.

 



PM:02:41:02/04/2022