لەسەر رووداوی کوشتنەکەی چەمچەماڵ ڕوونکردنەوە دەدرێت

 کەسێک لە خانەوادەی کوژراوەکان ڕایگەیاند، کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ زاواکەیان چووەتە سەر ماڵی باوکیان و خێزانەکەی خۆی و خوشکی ژنەکەی و برازایەکی و برایەکی ژنەکەی کوشتووە و دایکی ژنەکەشی بریندار کردووە.

مەریوان ئەحمەد حوسەین کە برای سێ کوژراوەکە و مامی کوژراوەکەی دیکەیە رایگەیاند، "ئەوان قسەی خۆیان دەبێت و کۆنگرەی رۆژنامەنووسی سازدەکەن".

وتیشی "زاواکەمان بەرپرسێکی حزبی لە پشتە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە، پێشتر کەیسی دادگای لەسەر بووە و تۆمەتبارە بەتاوانی کوشتن، بەڵام داڵدە دراوە، لەبارە دەستگیرکردنی بکوژەکەش وتی، تا ئێستا بکوژەکە دەستگیرنەکراوە".

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، "لە گەڕەکی سەنگاوییەکانی ناحیەی شۆرشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ چوار کەس کوژراون و کەسێک بریندارە کە ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵانە".

شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ باسی لەوەکرد، بە فیشەک تەقەیان لێکراوە و چوار کەسەکە برایەک و دوو خوشک و یەکێکیشیان تەمەنی چواردە ساڵە کە پێ دەچێت خوشکەزایان بێت و کاتژمێر حەوت و سی خولەکی ئەم بەیانییە تەرمەکان گەیەندراونەتە تەندروستی.

 



PM:12:00:02/05/2022