پیاوێک دوای کوشتنی ژنەکەی خۆی ڕادەستی ‌هێزە ئەمنییەکان کرد

وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک باسی لەوەکرد، لەگەڕەکی پەنجاعەلی، پیاوێک بە دەستی خۆی هاوسەرەکەی خۆی خنکاندوە و خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردوە.

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ی ئایار، عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک راگەیاند،" نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی پەنجاعەلی شاری کەرکوک، پیاوێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بوەتە شەڕو دەمەقاڵێیان، لەئەنجامدا پیاوەکە دەستی ناوەتە قورگی ژنەکەی و خنکاندویەتی، باسی لەوەشکرد، ژن و پیاوەکە بە رەگەز عەرەبن، پیاوەکە موالیدی ١٩٧٢ە و ژنەکەشی موالیدی ١٩٧٣یە".

وتیشی"دوای رووداوەکە پیاوەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردوە و لەئێستادا بەگوێرەی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".

 

لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا  دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەیتەوە، کە ژنەکە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مردبێت، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و  وتی ، "بە دەستی هاوسەرەکەی خنکێندراوە".

 

 

 



PM:04:14:05/05/2022