"بۆمبێکی چێنراو بە پێشمەرگەیەکدا تەقییەوە"

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە بۆمبێکی چێندراو بە پێشمەرگەیەکدا تەقییەوە". 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ پێنجشەممە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هێزەکانی میحوەری دووی قەرەتەپە ئەنجامدرا، لەم ئۆپەڕاسیۆنەدا، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق توانیان بەشێکی زۆری ناوچەکە کێوماڵ بکەن، لە هەندێ خاڵدا نزیکبوونەتەوە لە یەکتری و هاوکاری و هەماهەنگی هەبوو، لەدەرئەنجامدا چەند شوێن و پەناگەیەکی داعش لەناو بردرا". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا پێشمەرگەیەک بەناوی (ن.ض. د٦ /هاوار ڕۆستم) لە فەوجی دووی لیوای (۱۷) پیادە بۆمبێکی چێنراوی پێدا تەقیوە و بریندار بوو، لە ئێستادا باری تەندروستی پێشمەرگەکە جێگرە و چارەسەری بۆ کراوە.   

ئەوەش هاتووە" هێزەکانی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسێۆنەدا، کێوماڵێکی وردی گوندەکانی (شۆراو، دەراجە، بەلەکەی سەروو، بەلەکەی خواروو، دۆڵی گولم کەوە، گوندی قۆری چایی) لە میحوەری دووی قەرەتەپە کرد، بەڵام هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ، لە نێوان پێشمەرگە و پاشماوەی چەکدارانی داعش درووست نەبوو". 


PM:11:41:12/05/2022