رۆژی دووشەممە دادگاییكردنی پێنج چالاكوانی شیلادزێ بەڕێوە دەچێت


نوێنەری دەستگیركراوانی بادینان رایدەگەیەنێت، رۆژی دووشەممە دادگاییكردنی پێنج چالاكوانی ناوچەی شیلادزێ لە دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر بەڕێوە دەچێت و دەڵێت "گۆڕان، یەكێتی و نەوەی نوێ و لایەنەكان یەك توز وەفا بۆ كادرەكانتان ھەبێت و لەبەردەم دادگا ئامادەبن".

ئەیهان سەعید، نوێنەری دەستگیركراوانی بادینان رایگەیاندوە "رۆژی دووشەممە دادگاییكردنی پێنج چالاكوانی بە ناحەق زیندانیكراوی شێلادزێ لە دادگای تاوانی ٢ی ھەولێر بەرێوە دەچێت، لەم دوسیەیەدا دەبێت سێ لایەن خەجالەت بن، یەكەم: دەبێت پارتی خەجالەت بێت و فێری ئەلف و بێی دیموكراسی ببێت و چیتر بە ناحەق و بە نایاسایی چالاكوان و رۆژنامەڤان لەسەر بۆچونی جیاواز و خۆپیشاندانی مەدەنی زیندانی نەكات و بە چەك و زەبروزەنگ خەلكی بادینان سەركوت نەكات تا خۆی بسەپێنێت".

ناوبراو وتویەتی "دووەم: دەبێت دەسەڵاتی دادوەری لەم ھەرێمە خەجالەت بێت و سەروەری خۆیان بپارێزن، نەكەونە ژێر ڕكێفی حزب و ئەمر لە ھێزە ئەمنیەكەیان وەربگرن".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "سێیەم: دەبێت یەكێتی، گۆڕان و نەوەی نوێ خەجالەت بن كە كادرەكانیان لە زیندانن و ئەوانیش تەنیا خەریكی بەیاننامەی بێكردار و چەند راپۆرتێكی میدیایین، ئەگەر ڕاست دەكەن گشتان لەبەردەم دادگا ئامادەبن".

ئەیهان وتوشیەتی "ئەو زیندانیانە تازە دادگایی دەكرێن كادری یەكێتی، گۆڕان و نەوەی نوێی تێدایە كە باجیان داوە و ھێشتا رەسمی پرۆفایلیان لۆگۆی ئەم حزبانەن و سەربەخۆشی تێدایە".

ناوی ئەو چالاكوانانەی رۆژی دووشەممە دادگایی دەكرێن.

مەحمود ناجی صدیق (چاڵاكڤان و ھەلسۆراوی دیاری 
گۆڕان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاكڤان و خۆبەشی نەوەی نوێ) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
كوڤان گارق جبرائیل (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چاڵاكڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاكڤان و كادری یەكێتی) .. 



PM:08:56:14/05/2022