زانیاری نوێ سەبارەت بە پێداچوونەوەی لیستی شەهیدان لە وەزارەتی شەهیدان ئاشكرا دەكرێت


بەرپرسێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەینَت بەردەوامن لە پێداچوونەوە بە دۆسیەی شەهیدان و ئەنفالكراون و زۆرینەی ئەو ناوانەی لە لیستی شەهیداندا ناشایستە بوون، بڕیاری كۆتاییان لێ دراوە.

شیرین ئیبراهیم، ڕاوێژكار و سەرۆكی لیژنەی سكاڵای چاكسازی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە "میكانزممان بۆ دۆسییەكانی شەهیدان داناوە و چاكسازی بە شێوەیەك بەڕێوە بچێت، تەنها مووچەبڕینی ئەو كەسانە نەبێت بە ناشایستە خزێندراونەتە ناو لیستی شەهیدان، چەندان لیژنەمان هەیە لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكان لیژنە لاوەكییەكان دۆسییەكان جیا دەكەنەوە و وردبینی لە دۆسیەی شەهیدانی سەنگەر و ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید و هاوڵاتی دەكەن و شایستە و ناشایستە دیاری دەكەن، ناشایستەكان فایلەكانیان بەرز دەكرێتەوە بۆ وەزارەت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەناو وەزارەتیش دوو لیژنەی تر هەیە، لیژنەیەكی تر بە دۆسییەكاندا دەچێتەوە، یان پەسەندی دەكەن، یان كەموكوڕییەكانیان چاك دەكەن و بەرزی دەكەنەوە بۆ لیژنەی سێیەم كە لیژنەی سكاڵا و سكاڵای چاكسازییە و خۆم سەرپەرشتیی دەكەم و جارێكی تر وردبینیی دەكەین و سكاڵای ئەو خانەوادانە وەردەگرین كە مووچەكانیان ڕاگیراوە، ئاخر پێداچوونەوە بە دۆسییەكاندا دەكرێت و بڕیاری كۆتایی لێدەدەین و چاكسازی لە وەزارەتی شەهیدان زۆر باش بەڕێوە دەچێت".

شیرین ئیسماعیل وتی "كار لەسەر هەموو سكاڵاكان كراوە و وردبینیان بۆ كراوە و یەكلای كراوەتەوە كە 600 سكاڵا بەرز كراوەتەوە، پاش وردبینی لە سكاڵاكان بڕیاری كۆتاییان لەسەر دراوە، بەردەوامیشین لە وەرگرتنی سكاڵای ئەو خانەوادانەی مووچەی شەهیدانیان ڕادەگیرێت".





PM:10:37:14/05/2022