دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر پێویستی بە چەند قۆناغێكە


دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵی پەرلەمانتارانی سەدر لە پەرلەمانی عێراق پێویستی بە دەنگی پەنجا كۆ یەكی پەرلەمانتارانە واتە 165 دەنگ، واتە پێویستی بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەزۆرینەی ڕەها.

فراكسیۆنی سەدر گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو 73 كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان بەدەستهێنا و ئەمشەو بە کۆمەڵ دەستیان لەكاركێشایەوە.
  
ئەمین بەكر، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە لەڕوی یاساییەوە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار پێویستی بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەزۆرینەی ڕەها واتە پەنجا كۆ یەك ۱٦٥ دەنگ ئەوەش بەپێی هەمواری یاسای گۆڕینی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە ٤۹ی ساڵی ۲۰۰۷ ی كە هەمواری یاسای ژمارە ٦ ی ساڵی ۲۰۰٦، یاساكە ئاماژەی بەوەكردووە كە دەستلەكاركێشانەوەكە پێویستی بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەزۆرینەی ڕەها.

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بێجگە لەو دەقە لەناو پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و لەیاسای ژمارە ۱۳ی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی ۲۰۱٨یشدا باس لەڕێكاری دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار نەكراوە، تەنها باسی لەدەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار كردووە وەكو یەكێك لەڕێگاكانی كۆتایی هاتنی ئەندامێتی".

ئەمین بەكر دەڵێت "دەستلەكاركێشانەوە دەبێت شەخصی بێت واتە هەر پەرلەمانتارەو خۆی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی بنوسێت، نەك سەرۆكی لیست، چونكە هەڵبژاردن تاكیە (فردیە)، وا باشترە سەرۆكی پەرلەمان ناوەكان بڵاوبكاتەوە، پاشان ئەو دەست لەكاركێشانەوەیە هەرچەند بەكۆمەڵە، بەڵام نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی  نوێنەران و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ڕێكاری تایبەتی خۆی هەیە و جیاوازە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دوای پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران ناوەكان و ژمارەی هەڵبژاردنی ئەو پەرلەمانتارانە ئاڕاستەی كۆمیسیۆنی باڵای  هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات و كۆمیسیۆنیش، یەكەمین كاندیدی دۆڕاوی ئەو بازنەیە، واتە ئەو كاندیدەی دوای كاندیدە دەرچوەكە زۆرترین دەنگی هێناوە لەو بازنەیەی كە پەرلەمانتارەكەی دەستی لەكاركێشاوەتەوە، جێگای دەگرێتەوە، واتە نەبەستراوەتەوە بەوەی ئەو كاندیدەی لەجێگای پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوە دەبێتە پەرلەمانتار لە چ لیستێك وهێزێكی سیاسیە".



AM:12:22:13/06/2022