راگەیەنراوێك لە چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر


چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت "رێز لەبڕیارەكەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بۆ دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانیان لە پەرلەمان دەگرین و لەهەمانكاتدا كاردەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی".
 
چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ بەمەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی وڵات كۆبوەوە و جەختیانكردەوە لەسەر هەنگاوە پێویستەكان بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی سیاسی و بەردەوامبونی دیالۆگ لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكان، بەمەبەستی تەواوكردنی رێكارە دەستورییەكان و پێكهێنانی حكومەتی خزمەتی نیشتمانی".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردوە "پێشتر هیواخوازبوین هەمو لایەنەكان بەشداربن، لەئێستاشدا رێز لە بڕیاری رەوتی سەدر دەگرین بۆ دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران".

چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت "لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان كاردەكەین بە شێوەیەك كە گەرەنتی بەشداریی بەرفراوان بكات و خواست و هیواكانی گەلەكەمان بۆ ئاسایش و سەقامگیری و ژیانێكی شایستە بەدەستبهێنێت، هەروەها ڕۆڵ و پێگەی عێراق لە ناوچەكە و جیهاندا بەرز بكاتەوە".



PM:08:37:13/06/2022